ئایەتوڵا خامەنەیی، رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، هێرشە موشەكییەكەی وڵاتەكەی بۆ سەر ئیسرائیل، كارێكی "تەواو یاسایی و رەوا" بو، ئەگەر پێویست بكات لە ئایندەش هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل. دەشڵێت، بە لەدەستدانی كەسانی وەك حەسەن نەسروڵا، بەرەی مقاوەمە پاشەكشە ناكات بەڵكو سەردەكەوێت.
ئاوێنە: ئایەتوڵا خامەنەیی، رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ لە نوێژی هەینی تاران لە وتەیەكدا وتی، هێرشە موشەكییەكەی چەند رۆژێك لەمەوبەری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل "كارێكی تەواو یاسایی و رەوا" بوە.
وتیشی"لە ئەنجامدانی ئەركی خۆمان نە دوادەكەوین و نە پەلەش دەكەین، ئەوەی لۆژیكی و عەقڵانی و دروست و بۆچونی بڕیاردەرانی سیاسی و سەربازییە لەكاتی خۆیدا ئەنجامی دەدەین و لە ئایندەش ئەگەر پێویست بێت، هێرشی دیكە ئەنجام دەدەین."
بەبڕوای خامەنەیی "دوژمنی میللەتی ئێران، دوژمنی میللەتەكانی فەلەستین، لوبنان، عێراق، میسر، سوریاو یەمەنە، دەبێت پشتێنی سەربەخۆیی لە ئێرانەوە تاوەكو غەززەو لوبنان و هەمو وڵاتانی ئیسلامی بەتوندی ببەستین."
جەختیشی كردەوە كە "هەمو میللەتێك مافی ئەوەی هەیە لەبەرامبەر دەستدرێژیدا، بەرگری لە وڵات و خاكی خۆی بكات." وتیشی"تۆفانی ئەقسا، جوڵەیەكی یاسایی بو لەڕوی نێودەوڵەتییەوەو مافی فەلەستینییەكان بو."
ئەو باسی لە كوژرانی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان كردو وتی"داوای ئەمڕۆی حەسەن نەسروڵا لە لوبنان و حزبوڵا نائومێد بونە."
وتیشی، پەیامی نەسروڵا بۆ لوبنانییەكان ئەوە بو كە بە لەدەستدانی كەسایەتییە باڵاكان، نائومێد نەبن و دودڵ نەبن لە خەبات و لەبەرامبەر دەستدرێژی دوژمن خۆڕاگر بن و شكستی پێ بهێنن.
ئەوەشی خستەڕو"داوای ئێمە لە لوبنانییەكان و گەنجانی حزبوڵا و بەرەی مقاوەمەت و هەمو میللەتانی موسوڵمان، هەمان داوای نەسروڵایە."
بەبڕوای رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران "دوژمن ناتوانێت زیان بە رێكخراوەكانی مقاوەمە بگەیەنێت و كوشتنی كەسانی مەدەنی بە نیشانەی سەركەوتنی خۆی دەزانێت." وتیشی"سەرەنجامی تاوانەكانی رژێمی زایۆنی، سڕینەوەی ئەو گورگە خوێنمژەیە لەسەر شانۆی بون."
ئەوەشی خستەڕو"دەرئەنجامی ئەو رەفتارەی ئیسرائیل، پەنگخواردنەوەی توڕەیی و زیادبونی پاڵنەبەری خەڵك و دەركەوتنی رێبەرانێكی زیاترە."
خامەنەیی جەختی كردەوە كە "وەشاندنی هەر گورزێك لە رژێمی زایۆنی، خزمەتكردنی تەواوی مرۆڤایەتییە، بەرگریكردن لە حزبوڵاو لە غەززە، خزمەتكردنێكی تەواوە بە دنیای ئیسلام."
وتیشی"دانەوەی قەرزی لوبنان، ئەركی ئێمەو ئەركی سەرجەم موسوڵمانانە."
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا خامەنەیی وتی، سیاسەتی ئەمریكا دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەكانی ناوچەكەیە لەڕێگەی رژێمی زایۆنییەوە. پشتیوانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلدا، سیاسەتی گۆڕینی ئیسرائیلە بۆ ئامڕازێكی دەستی خۆیان بۆ كۆنترۆڵكردنی هەمو سەرچاوەكانی ناوچەكەو سود لێوەرگرتنیان لە شەڕە گەورە جیهانییەكاندا.
بەرەی مقاوەمە لە ناوچەكە بە لەدەستدانی ئەو كەسایەتییانەی وەك نەسروڵا، پاشەكشە ناكات و سەردەكەوێت.