پاش پێنج ساڵ، ئەمڕۆ هەینی، ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بۆ یەكەمجار پێشنوێژی هەینی لە تارانی پایتەخت دەكات كە پێشبینی دەكرێت لە وتارێكدا، باس لە پێشهاتەكانی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل بكات.
ئاوێنە: نوسینگەی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، رایگەیاند، ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی، پێشنوێژی نوێژی هەینی دەكات لە مزگەوتی گەورەی ئیمام خومەینی لە تاران و وتاری هەینیش پێشكەش دەكات.
لەدوای پێنج ساڵ ئەمە یەكەمجارە خامەنەیی وتاری هەینی و پێشنوێژی نوێژی هەینی بكات و ئەوەش لەكاتێكدایە كە تەنیا سێ رۆژ ماوە بۆ ساڵڕۆژی یەكەمی هەڵایسانی جەنگ غەززە كە بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆكتۆبەر دەستی پێكرد.
دوایین پێشنوێژیی هەینی لەلایەن خامەنەییەوە، پێنج ساڵ لەمەوبەرو لەدوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانەوە، ئەنجام درا.
ئامادەبونی خامەنەیی لە شوێنێكی گشتی وادا سەرنجی میدیاكانی راكێشاوە ئەوەش لەسایەی گرژبونی زیاتری روبەڕوبونەوەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێرانیش وتویەتی، بەشداری لە نوێژی هەینی لەو مزگەوتەدا دەكات كە خامەنەیی پێشنوێژی دەكات.
ئامادەبونی خامەنەیی بۆ پێشنوێژیكردنی هەینی، بە ئامانجی "نمایش هێز" و بەرزكردنەوەی ورەی "بەرەی مقاوەمە"یە، لەكاتێكدا كە باسكەكانی رژێمەكەی لە ناوچەكە لەلایەن ئیسرائیلەوە زیانی گەورەیان پێگەیشتوە و زۆرێك لە سەركردە باڵاكانی گروپە بریكارەكانی ئێران بە دەستی ئیسرائیل كوژراون و ئێران زیاد لە هەر كاتێك دیكە لەبەردەم هەڕەشەی ئیسرائیلدایە.
پێدەچێت خامەنەیی بیەوێت بەوە جارێكی دیكە كۆنترۆڵی دۆخەكە بكاتەوەو متمانەی پشتیوانەكانی لەناوخۆ و ناوچەكەدا بەدەستبهێنێتەوە.
میدیاكانی ئێران پڕوپاگەندەیەكی زۆر بۆ هەنگاوەكەی دەكەن و ئامادەبونی لە نوێژی هەینیدا بە "ئازایەتی" ناودەبەن و دەڵێن "لە بارودۆخی جەنگدا، دێتە بەرەی پێشەوەو دێتە ناو خەڵك."