شرۆڤەکارێكی ئەمنی: ئێران سەلماندنی خاوه‌نی موشەکی خێراتر له‌ده‌نگه‌
  2024-10-03       273       

ئەحمەد بریسم شرۆڤەکاری ئەمنیی عێراقیی ڕایگەیاندوە، هێرشە موشەکییەکەی ئێوارەی رۆژی سێشەممە بۆسەر ئیسرائیل سێ ڕاستیی ئاشکراکردوە، لەناویاندا سەلماندنی بونی موشەکی هایپەرسۆنیک لەلایەن ئێرانەوە کە پێشتر گومان لەبانگەشەکانی ئێران لەوبارەیەوە دەکرا.

ئاوێنه‌: بریسم لەلێدوانێکدا بەپێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی وتوه‌، ئەو سێ ڕاستییەی هێرشە موشەکییەکەی ئێران ئاشکرایکردون بریتین لە:

خاوەندراێتیکردنی موشەکی هایپەرسۆنیک لەلایەن ئێرانەوە: سەرەڕای ئەو گومانانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر ئەم بابەتە لەلایەن ئەمریکاوە هەبون، ئێران توانای خۆی بۆ بەکارهێنانی ئەو موشەکانە سەلماند، ئەمەش بوە هۆی شکستی سیستەمی پاتریۆتی ئەمریکی لەڕێگریکردن لەزۆربەیان، ئەمەش توانای ئێران بۆ گەیشتن بەچەندین ئامانج لەناوخۆی ئیسرائیل بەرزدەکاتەوە.

شکستی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت: بێتوانایی ئەم سیستەمە لەڕوبەڕوبونەوەی موشەکەکانی ئێران، ئاماژەیە بۆ پێشکەوتنی توانا موشەکییەکانی‌و کاریگەریی ئەم چەکانە لەگەیشتن بەئامانجەکانیان، ئەمەش هێزی بەرپەرچدانەوەی ئێران بەرزدەکاتەوە.

ئێران بانکێکی ئامانجی بەرفراوانی لەناو ئیسرائیلدا هەیە: هێرشەکە ئاشکرایکرد کە ئێران توانایەکی گەورەی هەیە لەبەئامانجگرتنی دامەزراوەو بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل، هەر ئەمەش وایکرد تەلئەبیب لەوەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی ئێران سڵبکاتەوە.

ئەو شرۆڤەکارە ئەمنییە عێراقییە هەروەک ئاماژەی بەوەکردوە، بەکارهێنانی موشەکی هایپەرسۆنیک (خێراتر له‌ده‌نگ) لەلایەن ئێرانەوە ڕێگربوو لەوەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل، چونکە هەر کاردانەوەیەکی ئیسرائیل لەباریدا هەبوو ببێتە هۆی گۆڕینی ڕێڕەوی موشەکەکان بۆ لێدانی دامەزراوە ستراتیژییەکانی وەک ڕیاکتۆری ئەتۆمی لەبیابانی نەقەب یان دامەزراوەکانی دەرهێنانی گاز.

ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، ئەم موشەکە هایپەرسۆنیکانە ڕۆڵیان هەبوو لەڕێگریکردن لەسەرهەڵدانی شەڕێکی هەمەلایەنە لەڕێگەی هاوسەنگکردنەوەی هاوکێشەی هێز لەنێوان هەردوو لایەندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×