سوپای ئیسرائیل كوژرانی هەشت سەربازی خۆی لە لوبنان راگەیاند
  2024-10-02       253       

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هەشت سەربازی وڵاتەكەی لەمیانی شەڕ لەگەڵ چەكدارانی حزبوڵا لە باشوری لوبنان كوژراون و حەت سەربازی دیكەشیان بەسەختی برینداربون.

ئاوێنە: سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەمیانی هێرشە زەمینییەكەیاندا لەنێو خاكی لوبنان و لە شەڕی چەكدارانی حزبوڵادا، هەشت سەربازی وڵاتەكەیان كوژراون و حەوت سەربازیشیان بەسەختی برینداربون.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بۆردومانی حزبوڵاو ئیسرائیل دژبەیەكدی بەردەوامن و سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە بەیانی ئەمڕۆوە نزیكەی 100 موشەك لەلایەن حزبوڵاوە ئاڕاستەی باكوری ئیسرائیل كراون.

سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندوە، هێزەكانی سوپاكەیان بەردەوامە لە هێرشە زەمینییەكانی لە چەند ناوچەیەكی باشوری لوبنان و وتوشیەتی، كۆمەڵگەیەكی سەربازیی حزبوڵایان لەناوبردوە كە سەكۆیەكی موشەك هاویشتن و كۆگایەكی چەك و بۆمبی تێدابوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، شەڕ لەمەودای نزیك لە سنوری لوبنان بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 15 پێگەی حزبوڵا بە هێرشی ئاسمانی لەناوبراون كە لەنێویاندا بارەگای حزبوڵا، كۆگای چەك و سەكۆی هەڵدانی موشەك هەبون.

بەرلەوە حزبوڵا رایگەیاندبو كە هێزەكانیان زیانی گەورەیان بە سەربازانی ئیسرائیلی گەیاندوە كاتێك ویستویانە گەمارۆی گوندێك لە باشوری لوبنان بدەن.

لەئێستادا سوپای ئیسرائیل خەریكی فراوانكردنی هێرشە زەمینییەكەیەتی و سەربازی زیاتر رەوانەی سنوری لوبنان دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×