خامنەیی: ئەمریكا هۆكاری كێشەكانی ناوچەكەیە
  2024-10-02       196       


عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، ئەوان لە ماتەمینیدان و لەدەستدانی حەسەن نەسروڵا ڕوداوێکی سادە نییە و دڵتەنگی کردون، هەروەها دەشڵێت، "هۆکاری کێشەكانی ناوچە و ململانێ، شەڕەکان، نیگەرانی و دوژمنایەتیەكان هەندێك وڵاتی ئەوروپی و ئەمریكا یە".

ئاوێنه‌: عەلی خامنەیی ئەمڕۆ چوارشەممە لەمیانی پێشوازیكردن لە کۆمەڵێک نوخبە و بەهرەمەندی زانستییە دیارەکانی ئێران لە تاران ڕایگەیاند، "ئێمە لە ماتەمینیداین، بەڵام دیدارەکەم لەگەڵ نوخبە بۆ کاتێکی دیكە دوا نەخست، ئەو ڕوداوەی ڕویدا ڕوداوێکی بچوک نەبو، لەدەستدانی حەسەن نەسروڵا ڕوداوێکی سادە نییە و دڵتەنگی کردوین".

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەوان ماتەمینی دەگرین، بەڵام ماتەمینی ئەوان بە مانای ماتەمینی و خەمۆکی و دانیشتن لە گۆشەدا نایەت، خەمبارن، بەڵام ئەو ماتەمینیە ناچاریان دەکات هەنگاو بنێین و بەرەو پێشەوە بچن و بە جۆش و خرۆشێکی زیاترەوە کار بکەن".

خامنەیی باسی لەوەشكرد، "من تەنها یەک وشە دەڵێم، كە بنەمای کێشەی ناوچەکەمانە و هۆکاری ململانێ و شەڕەکان و دروستکردنی نیگەرانی و دوژمنایەتی هەمان ئەو کەسانەن کە بانگەشەی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن لە ناوچەکەدا".

ئەوەشی خستەڕو، "ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ئەوروپی، ئەگەر خراپەکاریی خۆیان لەم ناوچە لاببەن، گومانی تێدا نییە کە ئەم ململانێیانە، ئەم شەڕانە، ئەم پێکدادانانە بە تەواوی نامێنن و وڵاتانی ناوچەکەش دەتوانن بە ئارامی و تەندروستی و خۆشگوزەرانی بژین".

خامنەیی ڕونیكردەوە، "ڕۆژێک دێت وڵاتێک، یان کەسێکی وەک سەدام دەردەكەوێت و دوژمنایەتی لە نێوان هەردو وڵاتدا دروستدەكات، بەڵام دوای ڕۆیشتنی ئەو، هەردو وڵاتەكە دەبنە برا و خۆشەویستی یەكدی و کاروانەکانی ئەربەعین ئەنجام دەدەن".

دەشڵێت، ئەوان هەمیشە باسی مافی مرۆڤ دەکەن، بەڵام درۆ دەکەن بونی ئەوان بنەمای سەرەکی کێشەکانی ئەم ناوچەیەیە و "هیوادارین بە هەوڵە گەورەکانی گەلی ئێران و هاوکاری وڵاتانی دیکە، بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە، خراپەی دوژمنان لەم ناوچەیەدا سنوردار بکەین".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×