حسێن ئەڵاکەرەم، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، 40 هەزار جەنگاوەری یەمەنی و عێراقی ئامادەن تاوەکو جۆلانی سووری کۆنترۆڵ بکەنەوە.
ئاوێنه: حسێن ئەڵاکەرەم، سەرۆکی ئەنجوومەنی هەماهەنگیی ئەنساروڵا گوتیشی، رەوانەکردنی ئەو 40 هەزار جەنگاوەرە یەمەنی و عێراقییە و گرووپەکانی دیکەی مقاوەمە بۆ کۆنترۆڵکردنی جۆلان، توانای مقاومەی حیزبوڵا زیاتر دەکات.
ئەڵاکەرەم ئەوەشی گوت، بۆ هاوکاریکردنی لوبنان پێویست بە ئامادەبوونی هێزی سەربازیی فراوان نییە، چونکە حیزبوڵا خۆی توانای بەرەنگاریی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، باشترە هاوکارییە جەماوەرییەکان بۆ حیزبوڵا بەشێوەی کاش و دارایی بێت و باشترە هاوکارییە سەربازی و هەواڵگریییەکانیش لەلایەن دەوڵەتان و گرووپەکانی مقاومەوە یەکبخرێن.
ئەو فەرماندەی سوپای پاسداران، کە هاوکات مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەهلیی ئازادە لە ئێران، گوتیشی، چارەنووسی ئەم ناوچەیە لە دەستی هێزەکانی مقاومە و حیزبوڵادایە و هەموو هێزەکانی مقاومەش پشتیوانی لە حیزبوڵا دەکەن.
ئەڵاکەرەم باسی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان و کوژرانی حەسەن نەسروڵا کردووە و رایگەیاندووە، هێرشی ئاسمانی بەبێ کۆنترۆڵکردنی خاک جگە لە دەستکەوتی تاکتیکی دەستکەوتی دیکەی نابێت.
ئەنساروڵا لە ئێران گرووپێکی سەربە سوپای پاسدارانە، کە لە ساڵی 2018ەوە لەلایەن ئەمریکاوە بە تۆمەتی "سەرکوتی خۆپیشاندەرانی ئێران و پێشێلکردنی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤ" خراوەتە لیستی سزاکانەوە.