دەسەڵاتدارانی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، دو كەسیان بە بەرچاوی خەڵكەوە لە یەكێك لە شەقامەكانی شارۆچكەی خومەین سەر بە پارێزگای مەركەزی، لە سێدارەدا.
ئاوێنە: بەپێی پێگەی "میزان"ی سەربە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئەو دو كەسە چوار ساڵ لەمەوبەر بەتۆمەتی كوشتنی پۆلیسێك دەستگیركرابون و دواتر لەلایەن دادگاوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوبو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، لەبەرچاوی خەڵك لەسێدارە دراون.
پێگەی میزان و میدیا رەسمییەكانی دیكەی ئێران ناسنامەی ئەو دو هاوڵاتییەیان ئاشكرا نەكردوە.
بەپێی پێگەی میزان ئەو دو تۆمەتبارە، چوار ساڵ لەمەوبەر لە كاتی دزیكردندا پۆلیس دوایان كەوتوە، ئەوانیش چەكداربون و تەقەیان لە هێزەكانی پۆلیس كردوەو پۆلیسێكیان كوشتوەو لە شوێنەكە هەڵاتون و دواتر لە ناوچەكانی دیكەی ئێران دەستگیركراون.