سوپای ئسرائیل ئێوارەی ڕۆژی هەینی (27ی 9ی 2024)، هێرشی كردە سەر بارەگای هێزەكانی حزبوڵای لوبنان و حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حزبەكەی كوشت و هەواڵی ئەوە بڵاوكرایە فەرماندەیەكی ئێرانیش لە هێرشەكەدا بە ئامانجگیراوە، دواجار ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران كوژرانی عەباس نیلفروشان، فەرماندەی سپای پاسدارانی لە لوبنان ڕاگەیاند.
ئاوێنه: سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "جەنەڕاڵ و موجاهید و کۆچبەرە سەربەرزەکە، عەمیدی پاسدار عەباس نیلفروشان، یەکێک لە فەرماندە دێرینەکان و سەربازە دێرینەکانی بەرگریی پیرۆز و ڕاوێژکاری سوپای پاسداران لە لوبنان، لەگەڵ هاوڕێ شەهیدەکانی لە هێرشی تیرۆریستیی ڕژێمی دڕندەی زایۆنیستی لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی 27ی (ئەیلول/9) بە ئامانج گیران".
ئاماژەی بەوەشكرد، "عەباس نیلفوشان جێگری سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی زەمینی سوپای پاسداران، جێگری سەرۆکی ئۆپەراسیۆنە گشتیەکانی سوپای پاسداران، بەڕێوبەرایەتی فاکەڵتی و پەیمانگای توێژینەوەی زانستە بەرگرییەکان (دافۆس IRGC)، پەروەردە و ڕاهێنانی هێزی مرۆیی، لەنێو ئەرکە جۆراوجۆرەکانیدا لەناو سوپای پاسداران، فەرماندەیەكی سەرکەوتو بوە".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "سوپای پاسدارانی ئێران، تاوانەکانی ڕژیمی زایۆنیستی لە لوبنانی و شەهیدبونی ئەو شەهیدە گرانبەهایە بە توندی شەرمەزار دەكات"، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هەڤاڵانی دەكات.
عەباس نیلفڕۆشان لە ساڵی 1966 لە شاری ئیسفەهان لە دایکبوە، تەمەنی 14 ساڵ بو بە دەستکاریکردنی بڕوانامەی لەدایکبونی تەمەنی دو ساڵ زیادکرد بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە جەنگەوە، لەساڵی 1984 پەیوەندی بە سوپاوە کردوە و بوەتە جێگری ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو هێزە، دوای ئەوە بۆ ماوەی دو قۆناغ وەک فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران لە لوبنان ڕۆڵی گێڕاوە.
عەباس نیلفڕۆشان، لە ساڵی 2018ەوە، بە جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران دەستنیشانکرا و دوای كوژرانی سەردار زاهیدی لە 13ی (نیسان/4)ی ئەمساڵدا، وەک فەرماندەی سوپای پاسداران لە لوبنان دەستنیشانکرا و دواجار ڕۆژی هەینی ڕابردوە لە هێرشێكی سوپای ئیسرائیلدا لەگەڵ حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان لە باشوری بەیروت كوژران.