ئا: ئاوێنە
ئیسرائیل لەڕێگەی ئاڕاستە کردنی ١٠ موشەکەوە، حەسەن نەسروڵای سەرکردەی مێژوویی حزبوڵای لەبەیروت کرد بەژێر داروپەردووی چوار باڵەخانەی شەش نهۆمییەوە، ئیسرایلییەکان بەکوشتنی نەسروڵا، "رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ"یان راگەیاند، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ سەرکردەیەک لەقەبارەی نەسروڵادا کە بەیەکێک لەدوژمنە سەرسەختەکانی ئیسرائیل‌و بەیەکێک لەئەفسانەو کۆڵەکە سەرەکیەکانی بەرەی مقاوەمەو بەیەکێک لەئامڕازە هەرە بەهێزەکانی ئێران‌و شیعە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دادەنرا.
ئیسرائیل لەڕێگەی زنجیرەیەک کوشتارەوە، بەدرێژایی رۆژانی رابردوو، زۆربەی هەرە زۆری فەرماندە سەربازیو ئەمنی‌و مەیدانیەکانو سەرکردە سیاسیەکانی حزبوڵای یەک بەیەک کوشت‌و هەزاران ئەندامی چالاکی ئەو حزبەشی لەڕێگەی تەقاندنەوەی ئامڕازی پەیوەندییەکانی بایجەرەوە، کەڕو کوێر کرد.
ئیسرائیل هەنگاو بەهەنگاو حزبوڵای لەڕووی مەیدانی‌و ئەمنی‌و سەربازیی‌و سیاسییەوە بەتەواوی پەکخست‌و کوشتنی حەسەن نەسروڵاش کە بە"تاجی سەر"ی شیعەکان دادەنرا، بەلای ئیسرائیلییەکانەوە "شاکار"ی ناتانیاهۆیە.
حەسەن نەسروڵا، ئه‌و پیاوه ریشنو چاویلكه له‌چاوه‌ی كه له‌نێو شیعه‌كاندا به"قاره‌مان" ناوده‌براو به‌لای ئیسرائیلییهكانیشهوه "تاوانبارێكی پیاوكوژ‌و شه‌ڕه‌نگێز" بوو، سێیەمین سەرکردەی حیزبوڵا بوو.
نەسروڵا له‌ساڵی ١٩٦٠ له‌گوندێكی باشوری لوبنان به‌ناوی بهزورییه له‌باوه‌شی خێزانێكی هه‌ژاری شیعه مه‌زهه‌بدا هاتووه‌ته دنیاوه، باوکی ناوی عەبدولکەریم نەسروڵایەو دایکی ناوی نەهدیە سەفیەدینە. عه‌بدولكه‌ریمی باوكی به‌دوای بژێوی ژیاندا کە نەسروڵا منداڵ بووە رووی له‌به‌یروت كردووه‌و له‌یه‌كێك لهههژارترین گه‌ڕه‌كه‌كانیدا نیشته‌جێ بووه كه "كرهنتینا"یه، ئه‌م پیاوه كه خه‌ریكی سه‌وزه‌فرۆشی بووه، حه‌سه‌نیش بهردهستیو شاگردی كردووه له‌دوكانێكی بچكۆلانه‌دا كه هه‌موو ده‌رو دیواره‌كه‌ی به وێنه‌ی "ئیمام مو‌سا سه‌در" رازێندراوهتەوه.
مو‌سا سه‌در، ئه‌و كاریزمایه بوو كه له‌دوو ده‌یه‌ی شهستو حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا، توانی شیعه‌كانی لوبنان لهتائیفهیهكی پهراوێزكراوو سه‌رگه‌ردانه‌وه بكات به كاراكته‌رێكی سه‌ره‌كی گۆڕه‌پانی سیاسی ئه‌و وڵاته، كاتێك ئه‌و له‌ئێرانه‌وه رووی كرده لوبنان لێبڕاوانه ئه‌نجومه‌نی باڵای شیعه‌كانی لوبنان‌و حه‌ره‌كه‌ی مه‌حرومین "ئه‌مه‌ل"ی دامهزراندو چاره‌نووسی شیعه‌كانی له‌چنگ حیزبه چه‌په‌كانی لوبنان‌و رێكخراوه فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌ریهێناو كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێزو سه‌ربه‌خۆی پێبه‌خشین.
نه‌سروڵا هه‌ر له‌هه‌ڕه‌تی هه‌رزه‌كارییه‌وه ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری ئه‌م كاریزمایهوهو ده‌چێته ریزه‌كانی حه‌ره‌كه‌ی ئه‌مه‌له‌وه، پاشان به‌مه‌به‌ستی خوێندنی ئایینی له‌ته‌مه‌نی شانزه ساڵیدا روو ده‌كاته نه‌جه‌ف بۆ ئه‌وه‌ی له‌حه‌وزه‌ی ئایینی ئه‌و شاره پیرۆزه‌ی شیعه‌كاندا بخوێنێت، له‌نه‌جه‌ف به‌دوو كه‌سایه‌تی گرنگی شیعه‌كان ئاشنا ده‌بێت كه یه‌كێكیان "محه‌مه‌د باقر سه‌در"ی ئامۆزای مو‌سا سه‌درو ئه‌ویتریشیان "عه‌باس موسه‌وی"یه.
نه‌سروڵا له ١٩٧٨دا به‌ر له‌وه‌ی بكه‌وێته به‌ر ره‌شبگیری ئهمنو ئیستیخباراتی عێراقه‌وه به‌نهێنی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لوبنان، له‌نۆزده ساڵیدا ده‌بێته بەرپرسی ناوچه‌ی بقاعی حه‌ره‌كه‌ی ئهمهلو لهبیستو دوو ساڵیش‌دا ده‌بێته ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و رێكخراوه. له‌ساڵی ١٩٨٢دا به‌دوای هێرشی ئیسرائیل‌دا بۆ سه‌ر لوبنان، كه چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی گرنگی شیعه‌ی وه‌ك سوبحی توفێلیو عه‌باس موسه‌وی له‌حه‌ره‌كه‌ی ئه‌مه‌ل جیاده‌بنه‌وه‌و حیزبوڵا داده‌مه‌زرێنن، نه‌سروڵا ده‌بێته یه‌كێك له‌كۆڵه‌كه سهرهكییهكانیو زۆر نابات ده‌بێته لێپرسراوی به‌یروتی پایته‌ختی ئه‌م حیزبه تازه دامه‌زراوه‌ی كه هه‌موو ههوڵو كۆششی له‌پێناو دژایه‌تی كردنی ئیسرائیل‌و ده‌رپه‌ڕاندنی سوپاكه‌ی له‌خاكی لوبنان چڕ ده‌كاته‌وه‌و ئەوکاتەش تەمەنی تەنها ٢٢ ساڵ دەبێت.
نه‌سروڵا له‌ساڵی ١٩٨٩دا به‌مه‌به‌ستی خوێندن له‌حه‌وزه‌ی عیلمییه‌ی قوم ده‌چێته ئێران، به‌ڵام هه‌ر له‌هه‌مان ساڵدا به‌هۆی گرژی‌و پێكدادانه‌كانی نێوان حیزبوڵا‌و حه‌ره‌كه‌ی ئه‌مه‌له‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لوبنان‌و پاش كوژرانی عه‌باس موسه‌وی ئه‌مینداری گشتی ئه‌وكاتی حیزبوڵاش له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه له١٩٩٢دا، شورای سه‌ركردایه‌تی حیزبوڵا به‌كۆی ده‌نگ "حه‌سه‌ن نه‌سروڵا" به‌ئه‌مینداری گشتی هه‌ڵده‌بژێرن کە گەنجترین ئەندامی ئەنجومەنی شوراکەو تەمەنی ٣٢ ساڵ بووە. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئیسرائیل لەو کاتەدا روو له‌هه‌ڵكشان‌و په‌ره‌گرتنێكی زیاتر ده‌كات.
له‌ئه‌یلولی ١٩٩٧دا "هادی" كوڕی له‌شه‌ڕێكی دژ به‌ئیسرائیلدا له‌باشوری لوبنان ده‌كوژرێت، ئەم رووداوە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لەمێژووی ئەو حزبەدا لەڕووی جەماوەریی بوونی نەسروڵاو حزبوڵاوە، کە لەوتارێکی حەماسیدا پڕ بەگەرووی هاوار دەکات "سوپاس بۆ خوا ئەم نیعمەتە گەورەو پڕ لەمیهرەبانییەی بەبنەماڵەکەم بەخشی، من بەو دوژمنە دەڵێم لەسەر رێگەی هادیو شەهیدەکانمان بەردەوام دەبین‌و کۆڵنادەین".
. له‌ساڵی ٢٠٠٠یشدا بۆ یه‌كه‌مجار له‌مێژووی كێشمه‌كێشی عهرهبو ئیسرائیل‌دا، سوپای ئیسرائیل له‌ژێر فشاری چالاكییه‌كانی حیزبوڵادا له‌باشوری لوبنان كشایهوهو ئه‌مه‌ش هه‌رچی زیاتر هه‌ژموونی ئه‌م حیزبه‌ی به‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی لوبناندا سه‌پاند كه تاقه میلیشیای چه‌كداری ئه‌و وڵاته‌یه له‌دوای "رێككه‌وتننامه‌ی تائف"ه‌وه تا ئێستا چه‌ك نه‌كراوه‌و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شیعه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ی له‌ده‌ور كۆبووه‌ته‌وه.
لەچەنگی تەمموزی ٢٠٠٦، کە ئیسرائیل نەیتوانی بەیەکجاری حزبوڵا تێکبشکێنێت، جەماوەرییەکی بێئەندازەی شیعەی لەدەوری نەسروڵڵاو حزبوڵا کۆکردەوە.
نەسروڵڵا، کاتێک گەلی سوریا بەرامبەر بەدەسەڵاتی ئەسەدو بەعس راپەڕین، بڕیاری دا حزبوڵا شانبەشانی سوپای سوریا دژ بەنەیارانی ئەو رژێمە شەڕ بکاو یەکێک بوو لەهۆکارەکانی مانەوەی ئەسەد لەدەسەڵاتدا.
دوای هەلگیرسانی جەنگی غەزە، نەسروڵا پاڵپشتی خۆی بۆ بزوتنەوەی حەماس راگەیاندو جموجۆڵی سەربازیی لەدژی ئیسرائیل دەستپێکرد، لەهەموو وتارەکانی ساڵی رابردوویدا باسی لە"یەکخستنی گۆڕەپانەکان" دەکرد، بۆ پشتیوانی لەغەزەو بەگرتنەبەری هەموو رێگەیەک لەپێناو کۆتاییهێنان جەنگی ئیسرائیل دژ بەغەزە.
نەسروڵا لەترسی تیرۆر کردن ١٨ ساڵ خۆی شاردەوە، تا سەرەنجام ئەو ئیسرائیلەی کە حەسەن نەسروڵا دەیوت لە"تەونی جاڵجاڵۆکە" نەنکترە، ئێوارەی هەیینی رابردوو لەڕێگەی ١٠ موشەکەوە کە کێشی هەر یەکێکیان ٩٢٥ کیلۆ بوو، لەژێرزەمینێکدا کۆتایی بەژیانی ئەو سەرکردە مێژووییەی حزبوڵا‌و شیعەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنا.
نەسروڵا، کچێکو سێ کوڕی لەدوای خۆی بەجێهێشت بەناوەکانی "زەینەب، محەمەد جەواد، محەمەد مەهدی، محەمەد عەلی".
حیزبوڵا پێش ئەم هێرشەی ئێستای ئیسرائیل، خاوه‌نی ده‌یان رێكخراوی خێرخوازیی پهروهردهییو تهندروستیو كۆمه‌ڵایه‌تی‌و چه‌ندین ده‌زگای راگه‌یاندن چالاك بوو، کە به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه كۆمهكو پشتیوانی مادی‌و مه‌عنه‌وی دهكراو نەسروڵاو بە"پیاوی ژمارە یەکی ئێران" دادەنرا لەم ناوچەیەدا.
حه‌سه‌ن نه‌سروڵا كه له‌ساڵی ٢٠٠٠دا له‌راپرسی گۆڤارێكی به‌ناوبانگی عه‌ره‌بدا به‌ناودارترین كه‌سایه‌تی جیهانی عه‌ره‌بی دانرا، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا به‌به‌رچاوی هه‌موو سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌به‌وه له‌تارانی پایته‌ختی ئێران دانه‌وییه‌وه‌و ده‌ستی "ئایه‌توڵا خامه‌نه‌ئی" رابه‌ری كۆماری ئیسلامی ماچ كرد.