كاردانهوهی سهرۆكو سهركردهو بهرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان لهبهرامبهر كوشتنی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵای لوبنان لهلایهن ئیسرائلهوه بهردهوامه، لهو چوارچێوهیهدا جۆ بایدن، عهلی خامنەیی، مهسعود پزیشکیانو محهمهد شیع سودانی پهیامی تایبهتییان بڵاوكردهوه.
ئاوێنه: جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، كوشتنی نەسروڵا لەهێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیلدا، "رێکارێک بو بۆ بهدیهێنانی دادپەروەریی بهرامبهر قوربانییهكان، لەنێویاندا هەزاران ئەمریکیو ئیسرائیلیو خەڵکی مهدهنی لوبنانی."
دەشڵێت، "ئەمریکا بەتەواوی پشتیوانی لەمافی ئیسرائیل دەکات بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بکات لەدژی حیزبوڵاو حەماسو حوسییەکانو هەر گروپێکی دیکەی تیرۆرستی لاینەگری ئێران."
بایدن باس لەوە دەکات، "وەزارەتی بەرگریم راسپاردووە ریزەکانی بەرگریی سوپای ئەمریکا لەرۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهێزبکەن بۆ ئەوەی بەرپەرچی دوژمنکاری بدەنەوەو مەترسیی بەرپابونی جەنگێکی فراوانتر کەمبکەنەوە."
لای خۆیهوه عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەپەیامێکدا ڕایگهیاندووه، "جیهانی ئیسلامی کەسایەتییەکی گەورەو بەرەی مقاوەمەو ئاڵاهەڵگرێکی بێهاوتای لەدەستدا."
بهوتهی ئهو، "گورزی بەرەی مقاوەمە لەسەر جەستەی رژێمی زایۆنی بەهێزتر دەبێت.. رژێمی زایۆنی لەم روداوەدا سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە."
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاشیگهیاندووه، "حەسەن نەسروڵا رێچکەو قوتابخانەیەک بوو رێچکەکەی بەردەوام دەبێت. خوێنی سەید عەباس موسەوی بەفیڕۆ نەچوو خوێنی شەهید سەید حەسەنیش بەفیڕۆ ناچێت."
هاوكات مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لەبارەی کوژرانی حەسەن نەسروڵا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوەو نوسیویهتی، "جیهان لەبیری ناکات کە بڕیاری کوشتنی حەسەن نەسروڵا لەنێویۆرکەوە درا".
ئهوهشی خستۆتهڕ، "ئەمریکییەکان ناتوانن خۆیان لەهاودەستیی زایۆنییەکان بێبەری بکەن".
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژە بەوەش دەکات، کوشتنی حەسەن نەسروڵا "بەرەی مقاوەمە بەهێزتر دەکات."
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەراگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی کوشتنی حەسەن نەسروڵا دهكاتو هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر بارەگای سەرەکی حیزبوڵا لەبەیروت بە "تاوانو شەرمەزارکەرانە" ناودهبات.
سودانی دەڵێت، ئیسرائیل هەموو هێڵە سورەکانی بەزاندووەو حەسەن نەسروڵاشی بە "شەهیدی رێگەی راست" ناوبرد.
سهر لهئێوارهی ڕۆژی 27ـی 9ـی 2024، سوپای ئیسرائیل بارهگای سهرهكی حیزبوڵای لوبنانی لەبەیروتی پایتەخت بۆردومانکرد، لهئهنجامدا حەسەن نەسروڵاو ژمارهیهك لهسهركردهو فهرماندهكانی حیزبوڵا كوژراون.