خامەنەیی: ئیسرائیل زۆر بچوكترە لەوەی بتوانێت زیانی گەورە بە حزبوڵای لوبنان بگەیەنێت
  2024-09-28       299       

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە، سوپای ئیسرائیل كوژرانی حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانی راگەیاند. عەلی خامەنەیی، رابەڕی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، پەیامێكی لەبارەی روداوەكانی لوبنان بڵاوكردەوەو بەبێ هیچ ئاماژەدانێك بە  چارەنوسی حەسەن نەسروڵا، وتی، دەبێت ئیسرائیل بزانێت كە ئەوان زۆر بچوكترن لەوەی كە بتوانن زیانی گەورە بە بناغەی پتەوی حزبوڵا لە لوبنان بگەیەنن.

ئاوێنە: عەلی خامەنەیی، ئەمڕۆ شەممە، لە پەیامێكدا وتی، كوشتنی خەڵكی بێ بەرگری لوبنان لەلایەكەوە "خوی دڕندانە"ی ئیسرائیلی بۆ هەموان ئاشكراكردو لەلایەكی ترەوە "كورتبینی و سیاسەتی گەژانەی سەرانی رژێمی زایۆنی سەلماند."

خامەنەیی وتوشیەتی، سەرانی رژێمی زایۆنی پەندیان لە جەنگی تاوانكارانەی خۆیان لە غەززە لە ماوەی ساڵی رابردودا وەرنەگرت و نەیانتوانی تێبگەن كە كوشتنی بەكۆمەڵی ژنان و منداڵان و خەڵكی مەدەنی، ناتوانێت هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بناغەی پتەوی حەماس هەبێت و پەكی بخات و لە ئێستادا هەمان سیاسەت لە لوبنان تاقی دەكەنەوە.

خامەنەیی وتوشیەتی، تاوانبارانی زایۆنی دەبێت ئەوە بزانن كە زۆر بچوكترن لەوەی كە بتوانن زیانی گەورە بە بناغەی پتەوی حزبوڵای لوبنان بگەیەنن.

جەختیشی كردۆتەوە كە هەمو هێزەكانی "مقاوەمە" لە ناوچەكە لە پاڵ حزبوڵای لوبنان دەبەن و پشتیوانی دەكەن.

بەبڕوای خامەنەیی "هێزەكانی مقاوەمەو لەسەروی هەمویانە حزبوڵا، چارەنوسی ئەم ناوچەیە دیاری دەكەن." و خەڵكی لوبنان وا لە ئیسرائیل دەكەن پەشیمانی بچێژێت.

رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئاماژەی بەوەشداوە كە "فەرزە لەسەر هەمو موسوڵمانان" بە توانای خۆیان لەپشت حزبوڵا بوەستن و لە روبەڕوبونەوەیدا لەگەڵ ئیسرائیل یارمەتی ئەو حزبە بدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×