نەتەنیاهۆ: هیچ شوێنێكی ئێران نیە دەستمان پێی نەگات
  2024-09-27       365       


بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هیچ شوێنێكی ئێران نیە كە ئیسرائیل نەتوانێت دەستی پێ بگات و ئەگەر ئەو وڵاتە هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل ئەوا ئەوانیش هێرش دەكەن، هەروەها دەشڵێت، "جەنگی غەززە كاتێك كۆتایی دێت كە حەماس خۆی رادەست بكات و چەكەكانی دابنێت و بارمتەكان ئازادبكات"

ئاوێنه‌: بنیامین نەتەنیاهۆ، ئەمڕۆ هەینی لە وتارێكدا لە کۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند، "هیچ شوێنێک لە ئێراندا نییە کە دەستی ئیسرائیلی پێی نەگات، پێیان دەڵێین، ئەگەر لێمان بدەن، لێتان دەدەین".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل هەمو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، لە نەتەوە یەکگرتوەکان قسە دەکات بۆ ئەوەی بڵێت ئیسرائیل بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت، بەدەستی هێناوە و بەردەوامیش دەبێت لە بەدەستهێنانی.

نەتەنیاهۆ باسی لەوەشكرد، "ئەگەر حەماس لە غەززە بمێنێتەوە، دوبارە بەهێز دەبێتەوە و چەک پەیدا دەكات و دوبارە هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل، ئیدارەی مەدەنی لە غەززە پابەندە بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە".

ئەوەشی خستەڕو، سوپای وڵاتەكەی زیاتر لەنیوەی چەكدارانی حەماسی كوشتوە و بە دیلگرتوە، كە ژمارەیان دەگاتە 40 هەزار و، (90%) موشەكەكانی حەماسی لەناوبردوە، جەنگیش كاتێك كۆتایی دێت كە حەماس خۆی رادەست بكات و چەكەكانی دابنێت و بارمتەكان ئازادبكات.

نەتەنیاهۆ ڕونیكردەوە، "حزبوڵای لوبنان زیاتر لە هەشت هەزار موشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردوە، ئێمەش قبوڵ ناکەین سوپایەکی تیرۆریستی لەسەر سنورەکانی باکورمان جێگیر بێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×