دامیان ویلیامز، داواکاری گشتی ناوچەی باشوری نیویۆرک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دۆسیەی گەندەڵی کە لە دژی سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک ئێریک ئادەمز تۆمارکراوە، زانیاری وردی سەبارەت بە تۆمەتەکانی ناو تۆمەتبارکردنەکە خستەڕو.
ئاوێنە: ویلیامز ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکە هێشتا بەردەوامە و ڕەنگە درێژە بکێشێت.
ئەو داواکارە گشتییە، تۆمەت و پەیوەندییەکانی سەبارەت بە ئادەمز بە وردی ڕونکردەوە، و وێنەیەکی باڵەخانەیەکی لە مەنهاتن نیشان دا کە کونسوڵخانەی تورکیا و نوێنەرایەتی هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتوەکانی تێدایە.
ویلیامز وتی، ئادەمز یارمەتی کەسی و بەرتیلی لە بەرپرسانی تورکیا و کەسانی بازرگان وەرگرتوە. وتیشی "لە بەرامبەر ئەو بەرتیلانەدا، ئادەمز هەنگاوی ناوە کە پێدەچێت سودی بۆ سەرکردەکانی تورکیا هەبێت، لەوانە خێراکردنی پشکنینی سەلامەتی ئاگر لە بینایەکی کونسوڵخانە و بڵاونەکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ڕۆژی یادکردنەوەی جینۆسایدی ئەرمەنەكان، بەپێی تۆمەتەکە."
داواکاری گشتی ناوچەی باشوری نیویۆرک وتیشی کە سەرۆکی شارەوانی ئادەمز وای لە بەرپرسانی حکومەتی تورکیا و کەسانی بازرگان کردوە پارەی گەشتە گرانبەهاكان بدەن بە بەهای زیاتر لە 100 هەزار دۆلار و بە شێوەیەکی نایاسایی پارەیان بەخشیوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی.
داواکاری گشتی وتیشی کە ئادەمز "دیاریی بێئەندازە"ی بەرپرسانی تورکیا و کەسانی بازرگانی لە خەڵک شاردوەتەوە. وتیشی "سەرۆکی شارەوانی ئادەمز ئەم هاوکاریانەی قبوڵ کردبو سەرەڕای ئەوەی کە دەیزانی نایاسایین."
ئەوەشی خستەڕو"ئادەمز تۆماری بەڵگەنامەی ساختەی دروستکردوە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو یارمەتییە گەشتیارییەی کە داوای کردوە و وەرگیراوە."
داواکارە گشتیەكە ئاماژەی بەوەشدا"سەرۆکی شارەوانی ئەرکی ئەوەی لەسەر بو کە ئەم دیارییانە لە فۆڕمی ساڵانەی ئاشکراکردنی گشتی ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی خەڵک بزانن کێ چی پێبەخشیوە، بەڵام وەک دەڵێین ساڵ لە دوای ساڵ شتەکانی لە تاریکیدا هێشتەوە بە ئاشکرانەکردنی ئەم ئیمتیازاتانە بۆ ڕای گشتی." وتیشی، هەرچەندە بەنهێنی دیاری پێدراوە، بەڵام بە ئاشکرا باسی لەوە کردوە کە هیچ دیارییەکم وەرنەگرتوە.
وتیشی: "ئەو گەندەڵییەی لە تۆمەتنامەکەدا باسکراوە، ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە، وەک لە تۆمەتەکەدا ئاماژەمان پێکردوە، کارە نایاساییەکانی ئادەمزلە ساڵی 2018 وە دەستیپێکردوە و تا کۆکردنەوەی پارە بۆ هەڵمەتی شارەوانی لە ساڵی 2021 بەردەوام بوە."
ویلیامز ڕایشیگەیاند ئادەمز ئەو هاوکاریانەی قبوڵ کردوە کە لەلایەن زۆرێک لە کەسانی بازرگانی تورکیاوە پێشکەش کراون، کە هەندێکیانی لە تورکیا ناسیوە "ئادەمز دەیزانی کە ئەم کەسە دەوڵەمەندانە ناتوانن بە شێوەیەکی یاسایی ببەخشن بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا. یاسای فیدراڵی بەڕونی بەخشینی خەڵکی بیانی قەدەغە دەکات. ئادەمز ستافەکەی ئاڕاستە کردوە کە بەدوای ئەم پارە نایاساییەدا بگەڕێن بۆ پشتگیریکردن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانی و وەک ئێمە ڕایدەگەیەنین دەکەین، ئادەمز تا ساڵی 2021 بە نهێنی بەردەوام بو لە وەرگرتنی پارەی بیانی. ئەمەش بە یەکەم هەڵمەتی سەرۆکایەتی شارەوانی کۆتایی نەهات."
وتیشی"لە ساڵی 2023، سەرۆکی شارەوانی ئەم پەیوەندییە گەندەڵانەیەی زیندوکردەوە و داوای بەشداریکردنی زیاتری نایاسایی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی لە هەندێک لە هەمان سەرچاوە بیانییەکان کرد بۆ پشتگیریکردن لە هەڵمەتی دوبارە هەڵبژاردنەوەی."
ئەوەشی خستەڕو"وەک دەڵێین، هاوکاری زۆر لەوە زیاتری لەبازرگانەکان وەرگرتوە کە یاسا ڕێگەی پێدەدات. هەروەها داوای پارە بەخشینی لەو کۆمپانیایانە کردوە کە ڕێگەیان پێنەدراوە بە هیچ شێوەیەک پارە ببەخشن بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی نیویۆرک. ئادەمز بە هەمان شێوە هەمو ئەو بەخشینە نایاساییانەی شاردەوە کە وەریگرتبو. ئادەمز یاسای شکاند بە وەرگرتنی بەخشینەکان بە وردی لەو سەرچاوانەی کە یاسا قەدەغەی کردون لە پێناو ئەوەی بۆ هەڵمەتەکانی سەرۆکایەتی شارەوانییەکەی سودیان لێ وەربگرێت."
داواکاری گشتی ویلیامز ئاماژەی بەوەشکرد، دەیەوێت سێ شت لەسەر ئەو تۆمەتانە ڕونبکاتەوە و وتی"یەکەم ئەو ڕەفتارانەی کە لە تۆمەتی تۆمەتبارکردنەکەدا باسکراوە، پارەی بیانی، پارەی کۆمپانیاکان، بەرتیلوەرگرتن و بەرتیلدان، ساڵانێک شاردنەوە، پێشێلکارییەکی ڕژدە بۆ متمانەی گشتی. ئێمە دەڵێین کە سەرۆکی شارەوانی ئادەمز دەسەڵاتی خراپ بەکارهێناوە و یاساکانی شکاندوە." گوتیشی "ئەمانە هێڵی سورن."
بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، کارمەندانی FBI چونەتە ناو شوێنی نیشتەجێبونی فەرمی سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک ئێرک ئادەمز و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرت، چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی تۆمەتەکە ئاشکرا بکرێت.
جێگری بەڕێوەبەری ئێف بی ئای لە نیویۆرک، جەیمس دێنیهی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ بە توندی ئەوە بیردەخەینەوە کە کەس لە سەروی یاساوە نییە."
وتیشی "تۆمەتبارکردنی ئەمڕۆ پەیامێکی بەهێز دەنێرێت بۆ هەمو بەرپرسێکی هەڵبژێردراوی ئەم وڵاتە. خزمەتکردنی گشتی بەرپرسیارێتییەکی قوڵە و پێویستە بەرپرسیارێتییەکی بەرز بێت. کاتێک بە تەماح و ناپاکی چەواشە دەکرێت، متمانەمان تێکدەدات. ئەمە ڕێککەوتنێکە لە نێوان سەرکردەکان و کۆمەڵگاکانیان کە لەسەر بنەمای متمانە و لێپرسینەوە و شەفافیەت بنیات نراوە. کاتێک ئەو ڕێککەوتنە تێکدەچێت، دەرئەنجامەکانی زۆر زیاتر لە ئۆفیسێک یان خولێکی هەڵبژاردنە. دەزانین هەمو سەرکردەکان گەندەڵ نین. ئێمە دەزانین کە بەرپرسانی گشتی بێشومار هەن کە هەمو ڕۆژێک بە مەبەستی ئەنجامدانی کارێکی دروست بۆ دەنگدەرەکانیان لە خەو هەڵدەستن."
سەرچاوە: دەنگی ئەمریكا