ڕێبەری باڵای ئێران بڵاوی كردەوە، “سەرەڕای جیاوازیی تواناكان لەگەڵ ئیسرائیلدا، خۆڕاگری لوبنان و غەزە سەردەكەوێت”، دەشڵێت، “ئەوەی ئەمڕۆ لە غەزە و لوبنان ڕوودەدات جیهادە”.
ئاوێنه: عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵاى ئیسلامی ئێران سەبارەت بە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و غەزە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە كه تیایدا هاتووە، ئەوەی ئەمڕۆ لە غەزە و لوبنان دەیبینن، جیهادە و دوژمن خاوەنی هەموو كەرەستەیەكی سەربازییە و ئەمریكاش دەڵێت، ئێمە هیچ دەستوەردانێكمان نییە و زانیاریمان نییە، بەڵام ئەوان زانیاری چاكیان هەیە.
دەشڵێت: حكومەتی ئێستای ئەمریكا بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا سەركەوتن بەدەست بهێتێت، پێویستە پاڵپشتی ئیسرائیل بكات.
جەختی كردەوە، پێویستە فەڵەستین و مزگەوتی ئەقسا بۆ ئیسلام بگەڕێندرێتەوە.
جێگاى ئاماژەیە، ئێستا ئیسرائیل ئاراستەی شەڕەكانی لە غەزە تاڕادەیەك بەرەو لوبنان گۆڕیوە و بەچڕی هێرشی بۆ سەر لوبنان و گرووپی حزبوڵا دەستپێكردووە، لە ئەنجامدا چەندین سەركردەی باڵای ئەو گرووپەی كوشتووە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هۆشداریی لە تەقینەوەی دۆخەكە دەدەن.