ئا: ئاوێنە
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەزۆربەی ئەو جەنگانە دا کە لوڵاتانی جیهاندا لەئارادانو داوای شەڕ راگرتنو ئاشتی کرد، تەنها کوردستان نەبێت کە داوای بەردەوامبوونی شەڕی کرد لەدژی پەکەکە لەسوریاو عێراق.
ئەردۆغان، رۆژی سێشەممە لەوتارێکیدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەنگی غەزەی بەجینۆساید ناوبرد کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەرامبەر بەفەلەستینییەکان ئەنجامدەدرێت، ئەو وتی "غەزە بووەتە گەورەترین گۆڕستانی منداڵان و ژنان لە جیهاندا لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل".
ئەردۆغان داوای لەو وڵاتانە کرد کە دانیان بە فەلەستیندا نەناوە بەزووترین کات دانی پێدابنێنو داوای لەنەتەوە یەکگرتووەکان کرد بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلو تۆڕی تاوانەکانی ڕابگرن، "هەروەک چۆن هاوپەیمانی مرۆڤایەتی 70 ساڵ لەمەوبەر هیتلەری ڕاگرت".
ئەردۆغان جەختیشی لەوە کردەوە کە "بەرخۆدانی ڕەوای گەلی فەلەستین بەرامبەر بەو کەسانەی کە خاکەکەیان داگیر دەکەن، ئەوەندە بەرزو شەرەفمەندانەو قارەمانانەیە کە ناتوانرێت بەنایاسایی هەژمار بکرێت، سڵاو لەو برا فەلەستینیانەی کە بەگیانیان بەرگری لەخاکو زێدی خۆیان دەکەن".
ئەردۆغان سەبارەت بەپەیوەندییەکان لەگەڵ چین، ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا دیالۆگی لەگەڵ چین دەستپێکردووە لەپێناو پاراستنی مافو ئازادییە سەرەتاییەکانی تورکی ئویگور، کە پەیوەندییەکی بەهێزی مێژووییو کولتووری و مرۆیییان لەگەڵ تورکیا هەیە.
سەبارەت بەشەڕی روسیاو ئۆکرانیا، داوای کرد گفتوگۆی ئاشتەوایی بێتە ئاراوەو ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە کۆتایی بێت کە هەڕيشە لەئاسایشی ئەوروپاو جیهان دەکات.
ئەردۆغان داوای کرد گفتوگۆکانی ئێرانو ئەمەریکاو وڵاتانی رۆژئاوا سەبارەت بەدسیەی ئەتۆی دەستپێبکاتەوەو پاڵپشتی ئەنقەرەشی بۆ پرۆسەی ئاشتی نێوان ئازەربایجانو ئەرمینیا دووپاتکردەوەو داوای پاراستنی مافی تورکە قوبرسییەکانی کردو داوای لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتیش کرد کە دان بەکۆماری تورکیای باکوری قوبرسدا بنێنن.
دوای راگرتنی جەنگی ناوخۆی لیبیاو دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی کرد، جەختی لەگرنگی هەوڵی زیاتر کرد بۆ کۆتاییهێنان بەپێکدادانەکانی سودان. هەروەها داوای راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان کرد.
بەڵام لەبەرامبەردا، ئەردۆغان داوای پێشێلکردنی مافی کوردی لەدەوڵەتانی عێراقو سوریا کرد. ئەردۆغان لەوتارەکەیدا باسی لەدۆخی سووریا کردو وتی "ئەو وڵاتە لەژێر چنگی "تیرۆریستانو جوداخوازان"دایە"، کە مەبەستی لەشەڕڤانانی (هەسەدە) بوو.
وتیشی "ئەو بەشەی سوریا لەژێر چنگی تیرۆرو رێکخراوە جوداخوازەکاندایە، دۆخی ئابووریو مرۆیی خراپە".
سەبارەت بەعێراقیش، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە عێراق هەنگاوی یەکلاکەرەوە بەرەو گەشەپێدانو ئاوەدانکردنەوەو یەکگرتن لەگەڵ ناوچەکە دەنێتو لەهەمانکاتدا بەردەوامە لەشەڕی دژی "تیرۆر"، جەختیشی لەسەر پێویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی عێراق کردەووەو وتیشی "سەرکەوتنی هەموو ئەو هەوڵانە پەیوەستە بەنەهێشتنی هەڕەشەی تیرۆریستان لەعێراق، کە دیارترینیان پەکەکەیە".