سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشی زیاتر ئەنجام دەدەین و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیشیمان بۆسەر لوبنان فراوانتر دەكەین، بۆیە پێویستە هاوڵاتییان ئەو ناوچانە چۆڵ بكەن، كە حزبوڵا چەكی تێدا هەڵگرتووە.
ئاوێنه: بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی فراوانكردنی هێرشەكانیان بۆ سەر چەكدارانی حزبوڵا و باشووری لوبنان گرتە ڤیدیۆییەكی بڵاوكردەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ دەڵێت: بۆ ئەوانەی هێشتا تێنەگەیشتوون، دەمەوێت سیاسەتی ئیسرائیلیان بۆ ڕوون بكەمەوە، ئێمە چاوەڕێی هێرش ناكەین، بەڵكو لە هەموو شوێنێك و لە هەموو بەرەیەك و لە هەر لایەكدا بێت، هێرش دەكەین.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە دانیشتووانی باشووری لوبنان ئەو ناوچانە چۆڵ بكەن، كە حزبوڵا چەكی تێدا هەڵگرتووە، چونكە هێرشی زیاتر ئەنجام دەدەین و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیشیمان بۆسەر لوبنان فراوانتر دەكەین.
باسی لەوەشكرد، ئێمە سەركردە و تێكدەرەكان لەناو دەبەین، هەروەها مووشەكەكان لەناو دەبەین، هێشتا زیاترمان ماوە بیكەین، هەركەسێك هەوڵی زیانگەیاندنمان بدات، ئێمە زیانێكی زیاتری پێدەدەین.
لە كۆتاییدا وتی: بەڵێنمداوە هاوسەنگی ئاسایش و هاوسەنگی هێز لە باكوور بگۆڕم، ئەمەش ڕێك ئەوەیە كە ئێمە دەیكەین، هەزاران مووشەك و تۆپ كە ئاراستەی شارەكانی ئیسرائیل و هاوڵاتییانی كران، لەناویان دەبەین.
جێگەی ئاماژەیە، ئێستا ئیسرائیل ئاراستەی شەڕەكانی لە غەزە تاڕادەیەك بەرەو لوبنان گۆڕیوە و بەچڕی هێرشی بۆ سەر لوبنان و گرووپی حزبوڵا دەستپێكردووە، لە ئەنجامدا چەندین سەركردەی باڵای ئەو گرووپەی كوشتووە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هۆشداریی لە تەقینەوەی دۆخەكە دەدەن.