وەزارەتی شارەوانی: هەر کاندیدێک پابەند نەبێت بە رێنماییەکانی بانگەشە پۆستەرەکانی لێدەکەینەوە 59
  2024-09-23       184       

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار نۆ رێنمایی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاوکردەوە و دەڵێت:”ئەگەر بەربژێرێك پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت”.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە کە بە واژووی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە نووسراوی ژمارە 949 ڕێنمایی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی نێدراوە، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

رێنماییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار:-

1- ڕێگە نادرێت وێنە و پۆستەری حزب و كاندیدانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و ستوون و بەربەستە گشتییەكان بە بزمار و لەزگە و سیكۆتین هەڵبواسرێن.

2- ڕێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی و دورگەی ناوەندی و ناو پاركە گشتییەكان بە هەر جۆرە كەرەستەیەك.

3- ڕێگە نادرێت بە بەكارهێنانی قوم، لم، چیمەنتۆ و بلۆك بۆ ڕاگرتنی تابلۆ و كەرەستەكانی تری بانگەشە.

4- ڕێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتوچۆ و تابلۆ ڕێنیشاندەرەكان یاخود هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل كە ببێتە هۆی دروستبوونی ڕووداوی هاتوچۆ.

5- ڕێگە نادرێت شوێنەوار و شوێنە كولتوورییەكان بۆ هیچ جۆرە بانگەشەیەك و هەڵواسینێك بە هیچ جۆرە مادەیەك بەكار بهێنرێت.

6- ڕێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەری كاندیدانی حزب و كاندیدانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و شوورای فەرمانگەكانی حكوومەت و شوێنە گشتییەكان وەك: مزگەوت، نەخۆشخانە، زانكۆ، قوتابخانە…هتد.

7- هەر شارەوانییەك بەپێی تایبەتمەندیی دەڤەری خۆی، سەرباری ئەم خاڵانە، دەتوانێت ڕێكاری تایبەت بە خۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵكی گشتی و پاراستنی پاكوخاوێنیی شار دەربكات.

8- لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر بەربژێرێك بەرپرسیارە لە لێكردنەوەی وێنە و تابلۆكان و پاككردنەوەی شوێنەكە.

9- ئەگەر بەربژێرێك پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×