دەزگای لوتكە ئاشكرایكرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ناوەڕاستی ئەم مانگە، زیاتر لە 23هەزار كۆچبەر لە كەناڵی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا.
ئاوێنە: دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیز بۆ کۆچبەران خەونێکە تا پێێ دەگەن، بەڵام کەناڵەکە بوەتە مۆتەکەی روحی کۆچبەران بۆ ماوەی چەندەها ساڵە."
ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی ئەو ئامارانەی دەست دەزگای لوتکە کەوتون لە سەرەتای ساڵی 2024 تا 15ی ئەیلول، 23 هەزار و 533 کۆچبەر لە کەناڵەکە پەڕیونەتەوە بۆ بەریتانیا، کە ئەوەش زیاترە لە ژمارەی هەمان ماوەی ساڵی پێشو، بەڵام کەمترە لە ساڵی 2022.
ئەوەشی وتوە، لە ساڵی 2023 بەگشتی 29 هەزارو 437 کۆچبەر بە بەلەمی بچوک لەکەناڵەکە پەڕیونەتەوەو لە ساڵی 2022دا کۆی گشتی کۆچبەران کە گەیشتونەتە بەریتانیا لەو ڕێگەیەوە 45 هەزار و 755 کۆچبەر بون، کە زۆرترین ژمارەیە لەو کاتەوەی بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2018دا ژمارەکان کۆکراونەتەوە، کاتێک زیاتر لە 135 هەزار کۆچبەر لە ڕێگەی ئەم ئاوەوە گەیشتونەتە بەریتانیا.
دەزگای لوتكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەپێی ئامارەکان لانیکەم 194 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیزی لە نێوان ساڵانی 2018 تا ئەیلولی 2024 گیانیان لەدەستداوە.