سەرچاوەیەكی هەواڵگری ئەمریكی ڕایگەیاند، ئیسرائیل دەستی هەبووە لە درووستكردنی ئەو پەیجەرە بێتەلانەى، كە لە لوبنان تەقینەوە و ئەندامانی حزبوڵای كردە ئامانج، ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنە لانیكەم ١٥ ساڵ پلانی بۆ دانراوە.
ئاوێنه: سەرچاوەیەكی هەواڵگری ئەمریكی سەبارەت بە هۆكاری تەقینەوەی پەیجەرەكانی لوبنان و ئەو وڵاتەی لە پشت تەقینەوەكەوە بوو، بۆ كەناڵی ABC News دەدوێت.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند، ئیسرائیل دەستی هەبووە لە درووستكردنی ئەو پەیجەرە بێتەلانە، كە لە لوبنان تەقینەوە و ئەندامانی حزبوڵای كردە ئامانج، هەروەها دەزگای هەواڵگری (مۆساد) ماددەی تەقینەوەی لە ناو ئامێرەكانی پەیجەر داناوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنە لانیكەم ١٥ ساڵە پلانی بۆ دانراوە، نزیكەی سێ گرام تەقەمەنی و كۆنترۆڵ لەناو ئەو ئامێرە پەیجەرانەدا چێنراو بوون.
ئەو سەرچاوە ئەمریكییە وتی: سی ئای ئەی لە مێژە ئامادە نەبووە ئەم تاكتیكە بەكاربهێنێت، چونكە مەترسی زۆر بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی درووست دەكات.
١٧ـی ئەم مانگە ئامێری بێتەلی پەیجەر، كە لەلایەن چەكدارانی حزبوڵاوە بەكار دەهێنرێت لە سەرتاسەری وڵاتی لوبنان تەقییەوە و بەهۆیەوە ١٢ كەس گیانیان لەدەستدا و دوو هەزار و ٧٥٠ كەسی دیكە بریندار بوون، هەروەها ١٨ـی هەمان مانگ دووبارە چەند ئامێرێكی دیكەی پەیجەر لە لوبنان تەقینەوە و بەهۆیەوە ٢٠ كەس گیانیان لەدەستدا و ٤٥٠ كەسی دیكەش بریندار بوون.