سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەكانی دوێنێیاندا بۆ سەر باشوری لوبنان، 100 سەرۆكی موشەكی حزبوڵایان لەناوبردوە كە ئەو سەكۆیانە ئامادەی هاویشتنی موشەك بون بۆ ئیسرائیل.
ئاوێنە: دوێنێ سوپای ئیسرائیل لەماوەی دو سەعاتدا چەندین هێرشی ئاسمانی كردە سەر پێگەكانی حزبوڵا لە باشوری لوبنان كە بە یەكێك لە چڕترین هێرشەكانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە بۆ سەر لوبنان دەژمێردرێت كە تێیدا 100 پێگەی حزبە لوبنانییەكە كرانە ئامانج.
زانیاریی لەبارەی قوربانیانی ئەو هێرشانەی دوێنێوە رانەگەیەندراوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی لوبنان، دوێنێ ئیسرائیل لانیكەم 52 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر لوبنان ئەنجامداوەو هاوكات لەگەڵ ئەوەش لە لوبنانەوە بە موشەك هێشرش كراوەتە سەر چەند پێگەیەكی سەربازیی ئیسرائیل لە باكوری ئەو وڵاتە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانج لەو هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانە بۆ سەر باشوری لوبنان، "لاوازكردنی دامەزراوەكان و تواناكانی ژێرخان"ی حزبوڵا بوە.
هێرشە ئاسمانییەكانی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دوای ئەوە هاتن كە یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئەو ولاتە رایگەیاند، ئیسرائیل چوەتە قۆناغێكی نوێی جەنگ و لەسەر ئەو بنەمایەش سنورەكانی باكوری وڵاتی كردۆتە چەقی هێزەكانی خۆی.
ئیسرائیل رایگەیاندوە كە بەنیازە پشتێنەیەكی ئەمنی لە سنوری باكورییەوە لەگەڵ لوبنان دروست بكات بە ئامانجی گەڕاندنەوەی دانیشتوانی ناوچەكانی باكوری وڵاتەكەی بۆ سەر ماڵ و حاڵیان، بەڵام حزبوڵا دروستكردنی پشتێنەیەكی لەو جۆرە بە مایەی پێكەنین ناوبردوە.