ئەمشەو پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل بۆردومانی چڕی پێگەكانی حزبوڵای لوبنانی لە باشوری لوبنان كرد. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 100 سەكۆی هەڵدانی موشەكی حزبوڵایان لە باشوری لوبنان بۆردومان كردون.
ئاوێنە: ئێزگەی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سوپاكەیان ئەمشەو پێنجشەممە، زیاتر لە 100 سەكۆی موشەكی حزبوڵای لە باشوری لوبنان لە چەند هێرشێكی ئاسمانیدا بۆردومان كردون.
هەروەها دەزگای پەخشی ئیسرائیل بڵاویكردۆتەوە كە ئەمشەو ئیسرائیل رێڕەوی كاركردنی لە بەرەی باكور دیاری دەكات.
لەگەڵ ئەوەش حزبوڵای لوبنان چەند موشەكێك بەرەو باكوری ئیسرائیل هاویشتون.
میدیا ناوخۆییەكانی لوبنان هێرشەكانی ئەمشەویان بە هێرشی چڕی ئیسرائیل ناوبردون.
كەناڵی 14ی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەداوە، سوپای ئیسرائیل ژمارەی هێرشەكانی بۆ سەر لوبنان چڕدەكاتەوەو رۆژانە دەیگەیەنێتە دەیان هێرش.
هاوكات كۆشكی سپی ئەمریكا لەبارەی پەرەسەندنی زیاتری گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا هۆشداری دا و رایگەیاند، نیگەرانن لەوبارەیەوە.
ئەوەش دوەم زنجیرە هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر پێگەكانی حزبوڵای لوبنان لە ئەمڕۆدا.
ئەوەش لەدوای ئەوەی دێت كە ئێوارەی ئەمڕۆ حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانی رایگەیاند، تۆڵەی ئەو تەقینەوانە دەكەنەوە كە رۆژی سێشەممە و چوارشەممە لە ئامێرە بێتەلەكاندا رویانداو جەختیشی كردەوە كە دانیشتوانی باكوری ئیسرائیل ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكە.