ئیسرائیل: هاوڵاتییەک به‌تۆمه‌تی تێوه‌گلان له‌ پلانی تیرۆرکردنی نەتانیاهۆ ده‌ستگیركرا
  2024-09-19       151       


دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، هاوڵاتییەکی ئیسرائیلیان بە گومانی تێوەگلان لە پیلانێکی تیرۆرکردن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت بۆ تیرۆركردنی کەسایەتییە دیارەکانی وەک بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سەرۆک وەزیران دەستگیرکردوە، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هه‌نییه‌ لە تاران.

ئاوێنه‌: پۆلیسی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، ئیسرائیلییەکی دەستگیرکردوه‌ کە لەلایەن هەواڵگری ئێرانەوە راسپێردراوه‌ بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسانی دیار و لەنێویاندا بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، "هەواڵگری ئێران هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتییە ئیسرائیلییەکان دامەزراندوە، دوجار بە قاچاغ ڕەوانەی ئێران کراوە و لە بەرامبەر ئەنجامدانی ئەرکەکاندا پارەی وەرگرتوە". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل و بەرپرسانی دیکەی دیاری ئیسرائیل لەنێو ئەو کەسانەدان کە ئامانجیان بوه‌ بكرێنه‌ ئامانج.

پۆلیسی ئیسرائیل باسی له‌وه‌كردوه‌، ئەو هاوڵاتییە ئیسرائیلییە "بازرگانێکە و ماوەیەکی زۆرە لە تورکیا دەژی" و پەیوەندی لەگەڵ تورک و ئێرانییەکان هەیە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە جولەکەیەکی خەڵکی شاری عسقه‌لانه‌.

لە بەیاننامەکەی پۆلیسدا هاتوە، لە کاتێکدا ئەو ئیسرائیلییە لە ئێران بوە، پێشنیاری بۆ کراوە کە ئەرکە ئەمنییەکان بەناوی ئێرانەوە لە ئیسرائیل ئەنجام بدات، ئەو ئەرکانە بریتی بون لە گواستنەوەی "پارە یان دەمانچە"، وێنەگرتنی "شوێنە قەرەباڵغە جیاوازەکان" و هەڕەشەکردن لە ئیسرائیلییەکان کە پێشتر بۆ ئێران كاریان كردوه‌ بۆ ئەوەی وایان لێبکات پابەندبن بە فەرمانەکانەوە.

لە دوهەمین سەردانەکەیدا بۆ ئێران لە مانگی (ئاب/8)دا، داوا لە بازرگانه‌ ئیسرائیلییەکە کراوه‌ کە تیرۆرکردنی کەسایەتییە دیارەکانی ئیسرائیل ئەنجام بدات وەک تۆڵەی تیرۆرکردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، ئیسماعیل هه‌نییه‌، کە لە 31ی ته‌موزدا لە تاران کوژرا.

هەروەها داوا لە ئیسرائیلییەکە کراوه‌ کە ئەرکی زیاتر ئەنجامبدات، لەوانە دامەزراندنی بریکارێک بۆ ئەوەی ببێتە "بریکاری دوانە" بۆ مۆساد (دەزگای هەواڵگری دەرەکی ئیسرائیل).

بەرپرسێکی باڵای دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ئیسرائیل، شین بێت، وتی، "ئەمە دۆسیەیەکی لەڕادەبەدەر مەترسیدارە کە بەرجەستەی ئەو هەوڵە زەبەلاحانەیە کە لەلایەن کارمەندانی هەواڵگری ئێرانەوە بۆ دامەزراندنی هاوڵاتیانی ئیسرائیل بۆ بەرەوپێشبردنی چالاکییە تیرۆریستییەکان لە ئیسرائیلدا، بەرجەستە دەکات".

هەفتەی ڕابردوش، شین بێت ڕایگەیاند، پلانێکی گروپی حزبوڵای لوبنانی بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسێکی باڵای پێشوی بەرگری پوچەڵ کردوەتەوە، کە دواتر ڕاگەیەندرا کە سەرۆکی ئەرکانی سوپای لوبنان و وەزیری بەرگری پێشوی لوبنان بوە.

ڕاگەیاندنی دەستگیرکردنەکە ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە حزبوڵا توشی هێرشی ئاڵۆز بو، بۆ دوەم ڕۆژی لەسەریەک کە لەم ماوەیەدا ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە دورەوە تەقێندرانەوە و لانیکەم 20 کەس کوژران و زیاتر لە 450 کەسی دیکەش برینداربون.

ئیسرائیل ڕاستەوخۆ هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکە نەدا، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایانگەیاند، دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) ئەو لایه‌نه‌ بوە کە ئەو هێرشەی ئەنجامداوە.

زۆرێک لە وڵاتان حزبوڵای لوبنان، یان باڵە سەربازییەکەی، بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانن، ئەو وڵاتانە بریتین لە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، بریتانیا و وڵاتانی دیکە، هەروەها ئەڵمانیا لە ساڵی 2020دا چالاکیی ئەو پارتە لەسەر خاکەکەی قەدەغە کرد و وەک "رێکخراوی تیرۆریستی" پۆلێنی کرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×