ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی چوار لە قوربانیانی تەقینەوەكەی دوێنێ، جارێکی دیکە لە لوبنان ژمارەیەک پەیجەر و ئامێری دیکەی بێتەل تەقینەوە.
ئاوێنە: بەپێی میدیا ناوخۆیی و جیهانییەكان تەقینەوەی ئامێرە بێتەلەكان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چەند شوێنێكی لوبنان رویداوە بەتایبەت لە دەوروبەری باشوری بەیروت.
ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەداوە، ئەو ئامێرە بێتەلانەی ئەمڕۆ تەقیونەتەوە، جۆرە ئامێرێكی بێتەلن كە بەدەست هەڵدەگیرێن و جیاوازن لە ئامێرەكانی بەیجەر كە دوێنێ لە لوبنان تەقینەوە.
بەڵام ئاژانسی هەواڵی لوبنان هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئامێرێكی بەیجەر لەنێو ئۆتۆمبێلێكدا تەقیوەتەوە.
رۆیتەرز هێمای بۆ ئەوشە كردوە كە حزبوڵای لوبنان ئەو ئامێرە بێتەلانەی كە ئەمڕۆ تەقیونەتەوە، پێنج مانگ لەمەوبەر كڕیونی كە ئەوەش نزیكە لە كاتی كڕینی ئامێرەكانی بەیجەر.
بەپێی هەواڵێكی سكای نیوز ئەو ئامێرە بێتەلانەی ئەمڕۆ تەقیونەتەوە لەجۆری (V82)ن.
ئاژانسی هەواڵی لوبنان وتوشیەتی، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان بەهۆی تەقینەوەكانی ئەمڕۆوە سێ كەس لە دو ناوچەی جیای لوبنان گیانیان لەدەستداوەو هەروەها سیستمی وزەی خۆر لە هەندێك ماڵ لە باشوری لوبنان تەقیوەتەوە.