“ئیسرائیل تەڵەی بۆ حزبوڵڵا ناوەتەوە و تەقەمەنی خستووەتە ناو ئامێرەکەوە”
  2024-09-18       301       

کۆمپانیای گۆڵ ئەپۆلۆی تایوانی رەتی دەکاتەوە ئەو ئامێری پەیوەندییکردنەی بە “پەیجەر” ناسراوە کە دوێنێ بە بەشێک لە هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنانیدا تەقیوەتەوە، پەیوەندی بەوانەوە هەبێت دەڵێن “ئەو ئامێرە لەلایەن کۆمپانیاکەمانەوە دروستنەکراوە”.

ئاوێنە: بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئەیلوول، کۆمپانیا تایوانییەکە لە راگەیەنراوێکدا رەتی دەکاتەوە ئامێری پەیجەر لە جۆری “ئەی ئار – 924” لەلایەن ئەوانەوە دروستکرابێت، روونیدەکاتەوە ئەو جۆری ئامێرە لەلایەن کۆمپانیای “بی ئەی سی” هەنگارییەوە دروستدەکرێت و دەفرۆشرێت.

لەلایەکی ترەوە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز زانیارییەکانی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە وەرگرتووە ئاشکرایکردووە، ئەو ئامێرە بێتەلە کە تەقیوەتەوە لەلایەن کۆمپانیای “گۆڵ ئەپۆلۆ”ی تایوانییەوە دروستکراوە، بەڵام ئیسرائیل پێش ئەوەی ئامێرەکە بگاتە لوبنان وەریگرتووە و بڕێکی کەم ماددە تەقەمەنی لەناویدا داناوە.

لەوبارەیەوە رۆژنامەی رووەیتەرز جەختیکردووەتەوە، ئیسرائیل سێ مانگ پێش ئێستا بڕێک تەقەمەنی خستووەتە ناو نزیکەی 5000 ئامێری بێتەلی پەیوەندیکردنی پەیجەر، کە حزبوڵڵای لوبنانی بەکاریدەهێنن.

ئەمە لە کاتێکدا دوێنێ سێشەممە بەشێکی زۆر لەو ئامێرە پەیجەرانە کەلەلایەن پیاوانی حزبووڵڵاوە بەکاردێت بەهۆی ئەوەی شوێنی دیاریکردنی کەسە ئاشکرا ناکات واتە “جی پی ئێس”ی تێدا نییە، لە لوبنان تەقیوەتەوە و بەلایەنی کەمەوە 9 کەس کوژران و نزیکەی 2800 کەسی تریش بریندار بوون کە لەنێویاندا باڵیۆزی ئێرانی تێدا بووە، هاوکات دوابەدوای رووداوەکە حزبووڵڵای لوبنان ئیسرائیل بەو کارە تاوانبار دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×