دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە توانای چارەسەرکردنی “زۆربەی کێشەکان” لەگەڵ کۆریای باکوور و ئێران لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنیی و تەنانەت گفتوگۆی کەسییەوە هەیە. ئەم لێدوانەش دوای ئاشکرابوونی دامەزراوەیەکی نوێی ئەتۆمیی لە کۆریای باکور، و هەناردەکردنی مووشەکی ئێرانیی بۆ ڕوسیا هات.
لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە یانەی گۆڵفەکەی لە لۆس ئەنجلۆس، ترەمپ تیشکی خستە سەر تواناکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی و ئاماژەی بەوەدا کە قەیرانەکان دەتوانرێت لە ڕێگەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ چارەسەر بکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پێویست بکات ڕەنگە بە شێوەیەکی شەخسیی لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتان کۆببێتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەیی خۆی بۆ درێژەدان بە دیپلۆماسیەتی کەسیی خۆی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، کە پێشتر پەیامی دۆستانەیان لەگەڵدا ئاڵوگۆڕ کردبوو.
ترەمپ هەروەک لێدوانی ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆکوەزیرانی هەنگاریای هێنایەوە کە جەختی لەوە کردبۆوە کە "هەموو کەسێک لە ترەمپ دەترسێت"، هەروەها چین و ڕووسیا و کۆریای باکوور هەموویان ئاگاداری ترەمپن.
لە لایەکی دیکەوە کامالا هاریس ڕکابەرە دیموکراتەکەی ترەمپ ئەم ڕێبازە ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە "ستەمکاران و دیکتاتۆرەکان"ی وەک کیم جۆنگ ئۆن نزیک نابێتەوە و پێی باشترە بۆ ڕێگرییکردن لە هەڕەشەکان تۆڕی هاوپەیمانییەکانی ئەمریکا بەهێزتر بکات .