عێراق دو بژاردە بۆ كۆتاییهێنان بە هێرشەكانی توركیا دەخاتەڕو
  2024-09-10       1068       


ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگەیاند، دو بژاردە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژیەكانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، یەكەمیان داواکردنە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌) بۆ گفتوگۆیەک کە ببێتە هۆی کشانەوەیان، دوەم پەنابردن بۆ ڕێگەی دیکە بەمەستی ڕێگریکردن لە بەكارهێنانی خاکی عێراق.

ئاوێنه‌: یاسر ئەسکەندەر، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "دەستدرێژی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان 45 کیلۆمەتری تێپەڕاندوە، ئەوەش مایەی نیگەرانییە، بەتایبەتی لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکاندا، بۆردومانکردن و ئاوارەبونی بەشێک لە خێزانەکانی ئەو ناوچانەی لێكەوتوەتەوە ". 

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەنقەرە، په‌كه‌كه‌ بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت و دەستدرێژییەکەی لە چوارچێوەی ڕێكارەكانی بەرگریکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی تورکیایە لە بەرامبەر هەڕەشەكانی سەری".

ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری باسی لەوەشكرد، "بەغدا دو بژاردە بۆ کۆتاییهێنان بەو ئاڵۆزییە دەخاتەڕو، یەكەمیان داواکردنە لە په‌كه‌كه‌ بۆ گفتوگۆیەک کە ببێتە هۆی کشانەوەی چەک و کۆتاییهێنان بەچالاکیەكانی لە خاكی عێراقدا، بژاردەی دوەمیش پەنابردن بۆ ڕێگەی دیکە بەمەبه‌ستی ڕێگریکردن لە بەكارهێنانی خاکی عێراق بۆ گۆڕەپانی ململانێکان".

ئەو ئەندامەی ئاسایش و بەرگری ڕونیكردەوە، توركیا هۆكاری بنكە سەربازیەكانی لە خاكی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە پەكەكە لەو ناوچانەوە هەڕەشەن بۆسەری، بۆیە دەبێت بەدوای نەخشەڕێگەیەكدا بگەڕێن كە ڕێگری لەو پارتە بكات لەناو خاكی عێراقەوە چالاكی ئەنجام بدات.

لەبارەی كشانەوەی سوپای توركیاوە دەڵێت، "پێویستە ئەو وڵاتە دوای كۆتایهاتنی هەڕەشەكان لە كوردستان بكشێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی سەقامگیری لەناوچەكەدا كە ساڵانێكی زۆرە بەهۆی شەڕ و پێكدادان و ئۆپەڕاسیۆنە سەربازیەكانەوە زەرەرمەند بوە".

زانیارییەکانی سوپای تورکیا ئاماژە بەوەدەکەن کە ئۆپەراسیۆنی "چنگی قفڵ" ئامانجی هاتنە ناوەوەیە بە قوڵایی 40 کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی عێراق و "پاککردنەوەی" ئەو ناوچەیە لە چەکدارانی په‌كه‌كه‌ و كردنی بەناوچەیەكی سەلامەت، ئەو ئۆپەراسیۆنە لەگەڵ ئامانجەکانی بەغدا دەگونجێت، چونكە ئەو ناوچانە بەشێکە لە ڕێڕەوی گەشەپێدانی نێوان عێراق و توركیا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×