بەلەمێكی كۆچبەران ژێرئاو كەوت و دەیان كەس بوونە قوربانی   
  2024-09-03       181       

دەسەڵاتداران و مێدیاكانی فەڕەنسا بڵاویانكردۆتەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ  تیمی فریاگوزاری ئاگادار كراوەتەوە، لەڕوودانی ژێرئاو كەوتنی بەلەمێكی كۆچبەری نایاسای، لەنێوان فەرەنساوە بەریتانیاو دەیان كەس بوونە قوربانی.

 

ئاوێنە، کاوە رەش: دوای وەرگەڕانی بەلەمێک، کە پێدەچێ ژمارەیەكی زۆری کۆچبەرانی هەڵگرتبێ، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی گەڕان و ڕزگارکردن، لەکەناڵی ئینگلیزی  دەستی پێكردوە.

جیرالد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ڕایگەیاندوە، لانیکەم ١٢ كۆچبەر تا ئێستا گیانیان لەدەستداوەو دوو کەسی دیكەش بێسەروشوێنن و چەندین کۆچبەری دیكەش لەڕەوشێكی تەندروستی سەختدان.

دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا دەڵێن; هێشتا ڕوون  نییە كە چەند کەس لەناو بەلەمەكەدا بوون کاتێک ئەو ڕووداوە لەکەنارا ئاوییەكانی (لی پۆرتێل) لە باکووری فەرەنسا ڕوویداوە،  بەڵام هێشتا تیمەكانی فریاگوزاری بەدوای قوربانی دیكەدا دەگەڕێن.

هێشتاش دیار نیە قوربانییەكان لەچ وڵاتێكەوە هاتوون و ناسنامەیان  ئاشكرا نەكراوە.

هاوكات وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا بەنیازە سەردانی ناوچەی ڕووداوەكەبكات تا لەنزیكەوە ڕێوشوێنەكانی گەڕان و بەهانەوە چوونی تیمی فریاگوزاری ببینێت.

 لەلایەكی دیكەشەوە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا دەڵێن; سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چەند گوروپێكی دیكەی كۆچبەران بەبەلەم گەیشتونەتە شارۆچكەی دۆڤەر لەبەریتانیاو لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە  ڕاگیراون.

بەهۆی كارەساتی ژێر ئاو كەوتنی بەلەمی كۆچبەران لەنێوان فەرەنساو بەریتانیا، ساڵانە دەیان كۆچبەڕ دەبنە قوربانی.

سەرباری تۆمەتباركردنی یەكدی لەنێوان دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا و بەریتانیا، بەهاندان و ڕێگری نەكردن لەگەشتی ترسناكی ئەو ڕێڕەوە ئاوییە بازرگانیە، بۆ بەلەمی بچوكی كۆچبەری نایاسای، دەسەڵاتدارانی هەردوو ووڵات ، قاچاغچی و باندەكانی بازرگانی كردن بەكۆچبەرانەوە، تاوانبار دەكەن بەوەی ئەوان، گیانی كۆچبەران  بەهەند وەرناگرن و تەنها ئامانجیان دەستكەوتنی زۆرترین سەرمایەیە لەو بازرگانییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×