"ئەمەی بەرامبەر هەرێم دەیکات تەواو سیاسیهو هیچ بنەمایەکی هونەریو کارگێریو یاسایی نییە"
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دهڵێت، وهزارهتی دارایی عێراق موچهی مانگی 8ـی لهسهر لیستی موچەی مانگی 7 ناردووه، لهكاتێكدا تێبینیان لەسەر لیستی موچەی مانگی 7 ههبووه.
ئاوێنه: رێباز حەملان ڕونكردنهوهیهكی لهژێر ناوی "بۆ بەرچاو ڕونی هاونیشتمانیانو موچەخۆران وەک بەڵگە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە لەدواکەوتنی موچە" بڵاوكردۆتهوهو لهبهشێكیدا هاتووه، "ئەمڕۆ 2024/8/27 وەزارەتی دارایی عێراق بری (549) ملیارو (572) ملیون دیناری خستە سەر حسابی وەزارەتی داراییو ئابوری کە تایبەته بهموچهی مانگی (8 - صرف رواتب الاقلیم لشهر اب).. لەکاتێکدا وەزارەتی داراییو ئابوری هەرێم چاوەرێیی تەمویلی تەواوی موچەخۆران بو بۆ مانگی تەمموز (7)".
ناوبراو دهڵێت، "وەزارەتی دارایی هەرێم هێشتا لیستی موچەی مانگی 8 (ئاب)ی رەوانەی بەغداد نەکردوە چۆن وەزارەتی دارایی عێراق موچەی مانگی (8)ی نارد، کاتێک پرسیاریان لێکرا، وتیان ئێمە لەسەر لیستی مانگی 7 موچەی مانگی 8مان بۆ ناردون."
بهوتهی رێباز حەملان، "ئەمە باشترین بەڵگەیە کە بەغداد ئەمەی بەرامبەر هەرێم دەیکات تەواو سیاسیهو هیچ بنەمایەکی هونەریو کارگێریو یاسایی نییە، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراق تێبینیان هەبوو لەسەر لیستی موچەی مانگی 7 کە تێبینیتان هەیە ئەی چۆن لەسەر هەمان لیستی موچەی مانگی 7، موچەی مانگی 8ـی نارد؟ بێ ئەوەی هێشتا هەرێم داوای کردبێت."
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات كه سبەی وەفدێکی هونەریو مالی لەهەردو بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاریو بودجەو چاودێری دارایی هەرێم بۆ بابەتی موچەی مانگی 7 دەچنە بەغداد بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.