2019-09-24   2349     
سامان عەلی
کۆڵن ویڵسۆن، لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی: The strength to dream: Literature and the Imagination وتارێکی تایبەتت بۆ تەرخان دەکات و بەو چەشنە باست دەکات و پەسنت دەدات کە تۆ، لە نەوەی مەزنەکانی سەدەی نۆزدەیت و، هاوشانی دۆستۆیڤسکی و تۆڵستۆی و نیچە داتدەنێت، لە سۆنگەی بوونی چەندین ڕایەڵ و پەیوەندی کە لەگەڵ ئەو سێ مەزنە کە خۆشت دەوێن کۆتدەکەنەوە. هەروەها باس لە تاقەت و پشووی دەگمەن و بێوێنەت دەکات لەو وەرگێڕانەتدا کە بۆ چامەی ئۆدیسە بۆ سەر زمانی نوێی یۆنانی کردوتە، کە لە نێوان ساڵانی ١٩٢٤و ١٩٣٨دا حەوت کەڕەتت نووسیوەتەوە، بەم هۆیەیشەوە چامەکە ڕەخنەگرانی دووچاری سەرسوڕمان کردووە. تۆ خۆت لەوبارەیەوە چی دەڵێیت؟
- ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە، هەروەها ئەوەیشم خوێندووەتەوە کە کۆڵن ویڵسۆن نووسیویەتی کاتێك کە چووە ناوی منی خستووەتە نێو ناوی مەزنەکانی سەدەی نۆزدەوە، بەتایبەتی ئەو سێ کەسە کە من شەیدایانم. هەرچی سەبارەت بە ئۆدیسەیشە، هەڵبەتە دەربارەی ئەو چامەیە زۆر وتراوە کە بە ڕێنووسێکی تازەی زمانی نوێی یۆنانی نووسیمەوە و ژمارەی دێڕەکانی گەیشتە ٣٣٣٣٣ دێڕ. هاوکات لێدوان و قسەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و، بریفیاکی هاوڕێم، کتێبێکی بە ناونیشانی "کازانتزاکیس و ئۆدیسەکەی" دەربارەی نووسی، کە کتێبێکی جوان و سەرنجڕاکێشە و یەکێکە لە قەشەنگترین ئەو کتێبانەی کە دەربارەی ئۆدیسە نووسراون.
- کۆڵن ویڵسۆن باس لەوە دەکات کە ئۆدیسەکەی کازانتزاکیس ئەو کاریگەرییە مۆسیقییە مەزنە جێ دەهێڵێت کە دەوترێت ڕۆمانی "شەڕ و ئاشتی" جێی هێشتووە، ئاخۆ هیچ ڕاستییەك لەم پەسندانەدا هەیە؟
- ئۆدیسە بە درێژایی ژیانم وەك پڕۆژەی تەمەن هاوڕێم بوو و، ڕوانگە و دیدم بۆ گەشتەکەی یۆلیسیس و ئەو چەرمەسەرییانەی کە هاتنە سەر ڕێگای، دەخاتەڕوو. هەمیشە وەرزەکانی ژیانم لەگەڵیدا ڕێکخستووە و بە وێنەی سەمفۆنیایەکی مەزن تێکەڵاو بە هەناسەکانم بووە و هاوسەنگیی بە هەنگاو و وەرچەرخان و کارەکانم دەبەخشێ، هەڵبەتە خۆشحاڵیشم کە خاوەنی ئەو کاریگەرییە مۆسیقییە لەڕادەبەدەرەیش بێت کە "شەڕ و ئاشتی" هەیەتی.
- کۆڵن ویڵسۆن باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە تۆ ڕۆمانێکی بڵاونەکراوەت هەیە بە ناوی "ئەو دەڵێت، ئەو ئازادیی دەوێت، بیکوژە"، هەروەها بەو جۆرە باس لە ڕۆمانی "کاپتن میخالیس" دەکات کە یەکێكە لە شاکارەکانت، چونکە بە ڕۆمانی "شەڕ و ئاشتی"ی تۆڵستۆی بەراورد دەکات و دەڵێت ڕۆمانێکی گرنگە بۆ هەر کەسێك کە بیەوێت لە کازانتزاکیس تێبگات.
- "ئەو دەڵێت، ئەو ئازادیی دەوێت، بیکوژە" ڕۆمانێکە بە سەر چەندین کاردا دابەش بووە، هەرچی سەبارەت بە ڕۆمانی "کاپتن میخالیس"یشە لە سەرەتادا ناوی "باوکم" بوو، کاپتن میخالیس لە چەندین ڕووەوە لە باوکم دەچێت، هاوکات ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێکە دەربارەی شۆڕشێکی شکستخواردو کە کریتییەکان لە دژی عوسمانییەکان بەرپایان کرد، ئەو عوسمانییانەی کە سەدەیەکی ڕەبەق ستەم و جەوری خۆیان بە سەر خەڵکی دوورگەی کریتدا هەڵڕشت.
- کۆڵن ویڵسۆن لەو ڕۆمانەدا بەو چەشنە باست دەکات کە تۆ لەوەتەی تۆڵستۆیەوە لە هەرە هونەرمەندە مەزنەکانیت، بەڵام پڕۆتێستی کوشتن و شەڕ ناکەیت بەو جۆرەی کە تۆڵستۆی پڕۆتێستی کردون!
- ژیانی کریتییەکان و ئەو جەور و زوڵمەی کە بە دەستی عوسمانییەکان چەشتیان، ناچاری کردن کە لەپێناوی ئازادیی وڵاتەکەیاندا لە شۆڕشی بەردەوام و ڕووبەڕووبوونەوەی خوێناویدا بن، چونکە کاپتن میخالیس و هاوڕێکانی، مەرگیان لەلا پەسەندتر بوو وەك لە خۆبەدەستەوەدان بە تورکەکان، ئەمەیش واقیعێکی جیاواز بوو لەوەی کە لە ڕووسیادا ڕووی دا.
- ویڵسۆن پێی وایە کە لێکچوونێك هەیە لە نێوان پاڵەوانی ڕۆمانی "مەسیح لە خاچ دەدرێتەوە"ی تۆ و میر میشکین-ی پاڵەوانی "گەمژە" ی دۆستۆیڤسکی دا.
- ڕەنگە لێکچوونێك هەبێت، چونکە هەردوکیان لەپێناوی رزگاربوونی ئەوانی تردا خۆیانیان کرد بە قوربانی.
- ئاشکرایە کە حکومەتە ڕاستڕەوەکەی یۆنان مافی نوێکردنەوەی پاسپۆرتەکەتی لێ زەوت کردیت و ئێستا تۆ لە فەڕەنسا بە دوورخراوەیی ژیان بە سەر دەبەیت، لەکاتێکیشدا کە وێژەوانانی یۆنان پیلانیان لە دژت دەگێڕا، وێژەوانانی نەرویج بە کۆی دەنگ پاڵاوتیانیت بۆ خەڵاتی نۆبڵ و، نەرویجیش ئامادەیی خۆی دەربڕی کە پاسپۆرت و ڕەگەزنامەی نەرویجییت پێببەخشێت، بەڵام تۆ ڕەتتکردەوە.
- من وا ڕاهاتووم کە داوای یارمەتی لە کەس نەکەم، وێڕای ڕاهاتنم لە سەر ئەوەی کە هەرچییەك ڕووبدات هەرگیز دەستبەرداری ڕەگەزنامەی یۆنانییم نابم.
- ویڵسۆن بڕوای وایە کە تۆ ستەمێکی زۆرت لێ کرا، سەروەختێك بە جیاوازیی یەك دەنگ بۆ بەرژەوەندیی ئەو خەڵاتەکە بە نووسەری فەرەنسی (ئەلبێر کامۆ) بەخشرا لە ساڵی ١٩٥٧دا، کە لەدواییدا نامەی بۆ ئیلینی خێزانیشت نووسی کە تۆ سەد جار زیاتر لەو شایستەی ئەو خەڵاتەیت؟
- لە دواهەمین ساتەکانی ژیانمدا بروسکەیەکم بۆ نارد و پیرۆزباییم لێی کرد.