بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پرسی ئاگربەستی شەڕ لەکەرتی غەززە بگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو یەکەم وێستگەی سەردانەکەشی بۆ ئیسرائیل دەبێت.
ئەمە دەیەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی سەرخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی بۆ گەیشتن بەئاگربەست لەکەرتی غەززەو کۆتاییهێنان بەم شەڕەی زیاتر لە 10 مانگە بەردەوامە.
کاربەدەستانی ئەمریکا هەرچەند نکۆڵی ناکەن لەوەی هێشتا کاری زۆر ماوە بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی غەززە، بەڵام گەشبینی خۆیان دەربڕیوە بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست، بەتایبەت لەبەر ڕۆشنایی ئەو دانوستانانەی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو لەدەوحەی قەتەر بەڕێوەچون.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، "چاوەڕواندەکرێت بلینکن لەتەلئەبیب، لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلو بەرپرسانی باڵای دیکە کۆببێتەوە".
هەرچەندە بڕیاربوو هەفتەی ڕابردوو بلینکن سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە، بەڵام گەشتەی بۆ ئەم هەفتە دواخراو بڕیارە بەر لەبەڕێوەچونی گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی ئاگربەستی شەڕ لەنێوان ئیسرائیلو حەماس لەقاهیر، بلینکن لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە گفتوگۆ بکات.
بڕیارە ئەم هەفتەیەش دانوستانەکانی ئاگربەست شەڕی غەززە بەردەوام بێتو ئەمجارە کۆبونەوەکان لەدەوحەوە بۆ قاهیرە دەگوازرێنەوە.
هەروەها وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیاو ئیتاڵیا لەڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرخستنی دانوستانەکانی ئاگربەست ڕاگەیاندوەو داوادەکەن هەمولایەنەکان خۆیان لەکردەوەو ڕەفتاری ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە بەدوربگرن.