لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانی تورکیا کە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ناکۆکییەکانی دادگای باڵای تورکیا و دادگای دەستووریی ئەو وڵاتە، پێکهەڵپژان لەنێوان پەرلەمانتارانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن روویدا و پەرلەمانتارێکی پارتی دەم بریندار بوو.
کۆبوونەوەکە لەسەر داوای جەهەپە، پارتی دەم، پارتی ئایندە، پارتی دیموکرات، پارتی دەڤا، پارتی سەعادەت، پارتی رەنج و پارتی کرێکاری تورکیا، ئەنجامدرا.
لە کاتی گفتوگۆکاندا پێکهەڵپژان لەنێوان پەرلەمانتارانی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئاکپارتی روویدا و گوڵستان کۆچیغیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەم رووخساری بریندار بوو.
بەهۆی پێکهەڵپژانی بەردەوامیی پەرلەمانتاران، بۆ دوو جار دانیشتنەکەی پەرلەمان دواخرا.
پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن داوایان کردووە، پەرلەمانی تورکیا بڕیاری دادگای دەستوریی تورکیا لەبارەی جان ئاتاڵای، پەرلەمانتاری پارتی کرێکاری تورکیا بخوێنێتەوە، کە بۆ پێدانەوەی مافی پەرلەمانتاریی بە ئاتاڵای دەریکردووە. لە ئەگەری خوێندنەوەی بریارەکەی دادگا، دەبێت مافی پەرلەمانیارێتیی بە ئاتاڵای بدرێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پەرلەمانی تورکیا بڕیاری دادگای باڵای تورکیا بۆ لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاریی لە ئاتاڵای خوێندەوە و بەو جۆرە مافی پەرلەمانتاریی لە ئاتاڵای سەندرایەوە.
جان ئاتاڵای لەسەر دۆسییەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2011ی پارکی گەزی ئیستانبوڵ دەستگیرکرا و دوای دوو ساڵ گوتەی لێوەرگیرا.
پڕۆسەی دادگاییکردنی جان ئاتاڵای لە ساڵی 2019 دەستیپێکرد و رۆژی 25ی نیسانی 2022، دادگای ئیستانبوڵ، بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی هەوڵەکانی روخاندنی حکومەت"، سزای 18 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر جان ئاتاڵایدا سەپاند و رەوانەی زینادنی مەڕمەڕە لە ئیستانبوڵ کرا.
جان ئاتاڵای لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری ساڵی رابردوو لە زیندانەوە بە پەرلەمانتاری پارتی کرێکاری تورکیا هەڵبژێردرا.