ئەمڕۆ لەدۆحە کۆبوونەوەی "چوارقۆڵی" ئەمریکا، میسر، قەتەرو ئیسرائیل بەڕێوەدەچێو شاندی ئەو چوار وڵاتە گەڕێکی دیکەی دانوستانی چارەنوسساز ئەنجامدەدەن بەمەبەستی راگەیاندنی ئاگربەست لەغەزە.
ئاوێنە: شاندە ئەمریکییەکە بەسەرۆکایەتی ویلیام بێرنزی بەڕێوەبەری "سی ئای ئەی"ەو برێت مەکگۆرک، نوێنەری ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات. سەرۆکایەتی شاندی میسر، عەباس کامیل، بەرپرسی هەواڵگری گشتی میسر نوێنەرایەتی دەکاتو شاندی قەتەر بەسەرۆکایەتی محەمەد بن عەبدولڕەحمان-ی قەتەرەو شاندەکەی ئیسرائیل بەسەرۆکایەتیی سەرۆکی موساد، "دیڤید بارنیا" دەبێتو سەرۆکی شین بێت، ڕۆنێن بار، نوێنەری سوپا، نیتزان ئالۆنیو ڕاوێژکاری سیاسی سەرۆکوەزیران، ئۆفیر فلەیک بەشداری دەکەن.
گەڕی دانوستانەکانی دەوحە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەو ماوەیەدا خاڵە ناکۆکەکان لەنێوان لایەنە دانوستانکارەکاندا تاوتوێ دەکرێن، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ کە ئەمریکییەکان پێشنیازی نوێ بخەنەڕوو ببێتە مایەی تێپەڕاندنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
بزووتنەوەی حەماس، هەرچەندە ڕووبەڕووی فشاری ناوبژیوانانی قەتەرو میسر بۆوە بۆ ئەوەی بەشداری دانوستانەکە بکات، بەڵام دووپاتیکردەوە کە بەشداری لەم "دانوستانە نوێیەدا" ناکات. حەماس ڕایگەیاندووە "ئەوەی پێشتر لەسەری رێککەوتوین، واتە ئەو ڕێککەوتنەی لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە ڕاگەیەندرا، بەلای حەماسەوە تاکە بنەمای دروستە بۆ دانوستان، ئیسرائیلیش دەبێت ڕازی بێت پێی نەک پێشنیازی نوێ پێشکەش بکات".