وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا داوا لە سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل دەکات رێگریى بکات لە هەڵسوکەوتى بەرپرسانى حکومەتەکەى کە دەبێتە هۆى زیاتر ئاڵۆزبوونى دۆخى ناوچەکە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد رێگرى لە کردەوەى بەرپرسانى حکومەتەکەى بکات کە دەبنەهۆى ئاڵۆزتربوونى زیاترى دۆخەکە وەک ئەو کارەى وەزیری ئاسایشی نیشتمانی راستڕەوی توندڕەو لەناو حەرەمى قودس کردى.
بلینکن رایگەیاندووە، وەزیرە ئیسرائیلییەکە رەچاوى دۆخى ئێستا و ئەو شوێنەشى نەکردووە کە بەلاى موسڵمانەکانیشەوە شوێنێکى گرنگە بۆیان.
وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا باسى لەوەشکردووە، نوسینگەى نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل دڵنیاییانداوە کە ئەوە کردەوەیەکى کەسیی ئەو وەزیرە بووە و پەیوەندى بە سیاسەتى گشتى وڵاتەوە نەبووە.
وەزیرى ئاسایشى نیشتیمانى ئیسرائیل گرتەیەکى ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە لەگەڵ چەند سەربازێک دەچێتە ناو حەرەمى مزگەوتى قودس و مەراسیمى تایبەت بە ئاینى جوو ئەنجامدەدات، لەکاتێکدا مسوڵمانەکان مزگەوتەکە وەک سێیەم شوێنى پیرۆزى ئیسلام لێى دەڕوانن.