لە هەشتەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس وەدات حسێن لە دهۆك، برایەكی دەڵێت، ئەمڕۆ سێشەممە، هێزێكی ئەمنی رێگەیان نەدا ئێمەی كەسوكاری وەدات و هاوڕێیانی و چالاكوانان بچینە سەر گۆڕەكەی، توندوتیژی و بێڕێزییەكی زۆرمان بەرامبەر كرا، خوشكێكم برینداركرا، چالاكوان ئومێد بەرۆشكی برینداركراو دەستگیركرا، دوای چەند سەعاتێك ئازادكرا.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی ئاب، هەشت ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر رفاندن و تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس وەدات حسێن لە دهۆك و كەسوكارەكەی دەڵێن، رێگرییان لێكراوە بچنە سەر گۆڕەكەی و ساڵیادی بكەنەوە.
برایەكی شەهید وەدات لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی، هەمو ساڵێك رێگری لە ئێمە كراوە، بەڵام ئەمساڵ بەشێوەیەكی زۆر توندوتیژانە رێگرییمان لێكرا بچینە سەر گۆڕەكەی.
وتیشی، هێزێكی رێگەیان نەدا، دایكی شەهید وەدات و ئێمەی براكانی و خوشكەكانی و هاوڕێكانی و چالاكوانان بچینە سەر گۆڕەكەی.
ئەوەشی خستەڕو، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە خوشكێكمان برینداركرا، هەروەها ئومێد بەرۆشكی چالاكوان لێی دراو دەستگیركرا، پاش چەند سەعاتێك ئازادكرا.
براكەی شەهید وەدات، جەختیشی كردەوە كە دوای هەشت ساڵ لە شەهیدكردنی وەدات حسێن تاوەكو ئێستا دەسەڵاتی ناوچەكە هیچ شتێكی لەبارەی دۆسییەكەو ئەنجامدەرانی تاوانەكەو چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەكە ئاشكرا نەكردوە كە ئەوە خواستی خانەوادەكەی شەهید وەداتە كە بكوژانی ئاشكرابكرێن و روبەڕوی دادگا بكرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، كە ئەوان دەستبەرداری كەیسی براكەیان نابن و هەوڵیش دەدەن كەیسەكە بەرنە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و بیكەنە كەیسێكی نێودەوڵەتی.