توركیا: دەتوانین لەسەر ئاستی وەزیران لەگەڵ سوریا كۆببینەوە
  2024-08-12       218       


وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، وڵاته‌كه‌ی دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای باشتر بکات، بەڵام ئەولەویەتەکانی بەرپرسیارێتی بەرامبەر ناتۆ دەبێت وەک هاوپەیمانێکی گرنگ، لەبارەی پەیوەندیەكانی سوریا لەگەڵ وڵاتەكەی دەڵێت، "دەتوانین لەسەر ئاستی وەزیران کۆببینەوە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان".

یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا ئەمڕۆ دوشەممە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز-ی ڕاگەیاند، وڵاتەكەی دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای باشتر بکات، ئەولەوییەتی توركیا ئەوەیە کە بەرپرسیارێتییەکانیان بەرامبەر ناتۆ وەک هاوپەیمانێکی گرنگ جێبەجێ بکات و هاودەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بەهێزتر بکەن.

وەزیری بەرگری توركیا لەبارەی ڕێككەوتنی وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمریكا بۆ كڕینی فڕۆكەی جەنگی باسی لەوەكرد، "دڵخۆشین بە ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئەمریکا، سەبارەت بە دابینکردنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 و هیوادارین پڕۆژەکە بەبێ هیچ کێشەیەک تەواو بێت و تەواوی فڕۆكەكان ڕادەست بکرێن".

ئەو وەزیرەی توركیا باسی لەپەیوەندیەكانیان لەگەڵ سوریا كردو وتی، "تورکیا و سوریا دەتوانن لەسەر ئاستی وەزیران کۆببنەوە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە ئەگەری ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو".

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا مانگی ڕابردو ڕایگەیاند، بانگهێشتی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، کە لە دوای شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە لە ساڵی 2011 پچڕاون.

له‌وه‌ڵامدا بەشار ئەسەد ڕایگەیاندوە، ئەو جۆرە دانوستانانە تەنها لە حاڵەتێکدا دەتوانن ڕوبدەن کە دراوسێکانیان سەرنجیان لەسەر پرسە سەرەکییەکان بێت، لەوانەش کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە باکوری سوریا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×