پنتاگۆن: کەشتیى فڕۆکەهەڵگرى ئەبراهام لینکۆڵن بەرەو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست جوڵەى پێکرا
  2024-08-12       241       

وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا جوڵەپێکردنى کەشتى فرۆکەهەڵگرى ئەبراهام لینکۆڵنى بە ئاراستەى رۆژهەڵاتى ناوەراست راگەیاند.

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا " لوید ئوستن، وەزیرى بەرگریى ئەمریکا هاوتا ئیسرائیلییەکەى ئاگادارکردەوە کە فەرمانى جوڵەپێکردنى کەشتى فرۆکەهەڵگرى ئەبراهام لینکۆڵنى بە ئاراستەى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەراست دەرکردووە".

جوڵەپێکردنى کەشتییە فرۆکەهەڵگرەکە هاوکاتە لەگەڵ ئەو گرژییانەى کە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەراست بەهۆى هەڵکشانى ئاستى ناکۆکییەکانى نێوان ئیسرائیل و ئێران لەدواى کوژرانى ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسیى بزووتنەوەى حەماس لە تاران بەخۆیەوە دەیبینێت و وەک خۆئامادەکارییەکى ئەمریکا خوێندنەوەى بۆ دەکرێت بۆ بەرگرتن بە هەر هێرشێکى چاوەڕوانکراوى ئێران و ئەو گرووپانەى کە لەناوچەکەدا نزیکن لەو وڵاتە دژ بە ئیسرائیل و ئەمریکا و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى ئەو دوو وڵاتە.

کەشتى فرۆکەهەڵگرى ئەبراهام لینکۆڵن یەکێکە لە پێشکەوتووترین کەرەستە سەربازییەکانى ئەمریکا و لەساڵى 1989خراوەتە خزمەتى هێزى دەریایى ئەو وڵاتە و تێچووى دروستکردنى کەشتییەکە زیاتر لە چوار ملیار دۆلار بووە.

بەرزیى کەشتییەکە 78 مەترە و رووبەرى فڕینى فرۆکەى سەر کەشتییەکە 1,8 هێکتارە و درێژیی کەشتییەکە 333 مەترە.

زیاتر لە چوار هەزار ژوورى تێدا دروستکراوە و تەنکەرێکى گەورەى عەمبارکردنى بەنزینى فرۆکەى تیادا دروستکراوە کە 512 ملیۆن لیتر بەنزین لەخۆدەگرێت.

کۆى کارمەندانى سەر کەشتییەکە زیاتر لە شەش هەزار کارمەندە و نەخۆشخانە و ستافى تەواوەتى پزیشکیش لەسەر کەشتییەکە جێگیرکراوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×