ئیسرائیل بۆ ئێران: توانای زۆرمان هەیەو هیوادارين دوبارە بیربکەنەوەو جەنگ لەبەرەی ترهوه هەڵنەگیرسێنن
سوپای پاسداران مانۆڕێکی سەربازیی بۆ ماوەی سێ رۆژ لەناوچەکانی رۆژئاوای ئێران ئەنجامدەدات. لهنوێترین دهركهوتنیشدا لهبارهی ئهگهری هێرشی تاران بۆ سهر تهلئهبیب، جۆ بایدن دهڵێت، "نهكهی". وەزیری بەرگریی ئیسرائیل-یش هۆشداری دەداتە کۆماری ئیسلامیی ئێرانو حیزبوڵای لوبنان.
ئاوێنه: دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینیو فوئاد شوکر، کەسایەتیی دووەمی حیزبوڵای لوبنانی، گرژیو ئاڵۆزیی ناوچەکە پێیناوەتە قۆناغێکی مهترسیدارهوهو ئەگەری هێرشی ئێرانو حیزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل ئهگهرێكی بههێزه.
ئاژانسی ئیرنای ئێرانیی بڵاویکردەوە، سوپای پاسداران مانۆڕێکی سەربازیی بۆ ماوەی سێ رۆژ لەناوچەکانی رۆژئاوای ئێران ئەنجامدەدات.
ئاژانسهكه ئاماژه بۆ ئهوه دهكات، "ئامانجی مانۆڕەکە، بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەکاریی جەنگییو باشترکردنی توانای شەڕکردنی هێزە سەربازییەکانی ئێرانە".
هاوكات رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل، پێشبینیدەکرێت لە 24 کاتژمێری داهاتودا، حیزبوڵای لوبنانی هێرشبکاتەسەر ئیسرائیل".
بهگوێرهی زانیاری ڕۆژنامهكه، "بەگوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنانە، چاوەڕواندەکرێت ئێران دوای هێرشەکانی حیزبوڵا هێرش بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێبکات".
لهلایهكی دیكهوهو لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەسۆشیال میدیادا بڵاوبۆتەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەکاتی هاتنهدهرهوهی لەکڵێسایەک لەلایەن پەیامنێرانەوە پرسیاری لێدەکرێت لەبارەی ئێرانەوە، "پەیامت چییە بۆ ئێران؟".
پێش ئەوەی بچێتە ناو ئۆتۆمبێلەکەیەوە لە وەڵامدا بایدن دەڵێت، "نەکەی".
ئهمڕۆ یەکشەممە، یواڤ گاڵانت، وەزیریی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "دوژمنانمان لەئێرانو حیزبوڵا هەڕەشەی ئەوەمان لێدەکەن کە بەجۆرێک ئازارمان دەدەن تائێستا نەیانکردبێت، بەڵام دەبێت بزانن روبەڕوی وەڵامێکیش لەئێمەوە دەبنەوە کە تائێستا ڕوینەدابێت".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وتیشی، "توانای زۆرمان هەیەو هیوادارم دوبارە بیربکەنەوەو جەنگ لەبەرەی زیاتر هەڵنەگیرسێنن".
گالانت هیوای خواست ئێرانو ئیسرائیل "بە وریاییەوە بیر لەکارەکانیان بکەنەوەو دوربکەونەوە لەوەی وامان لێبکەن کارێک بکەین کە ببێتە هۆی زیانی گەورەو هەڵگیرسانی جەنگ لە ەرەی زیاتر. ئەوە کارێکە کە نامانەوێت، بەڵام پێویستە ئامادەبین ئەگەر ڕوبدات."