کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕژێمی ئێران لە ئەمساڵدا زیاتر لە ٣٤٥ کەسیان لە سێدارە داوە لەنێویاندا ١٥ ژن.
نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند تەنها لە مانگی تەمووزدا ڕژێمی ئێران ٣٨ کەسیان لەسێدارەداوە و ژمارەی ئەو کەسانەی ئەمساڵ لەسێدارە دراون گەیشتووەتە ٣٤٥ کەس کە لەناویاندا ١٥ ژن هەن.
هەروەها ڕایگەیاند ئەم ئامارانە جێگەی نیگەرانین و ئەم کارە لە دەرەوەی پێوەرەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەییە، هاوکات جەختی کردەوە، زۆر جار بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکان، ئەو کەسانەیان لەسێدارە داوە.
لە ئێستادا لەناو زیندانەکان و گۆڕەپانەکان و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چالاکوانان هەڵمەتی ناڕەزایەتییان دەست پێ کردووە بەرامبەر بڕیارەکانی لەسێدارەدان لەلایەن ڕژێمی ئێرانوە، کە وەک ئامرازێک بۆ ترساندن لەبەرامبەر سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادیی، بەکاردەهێنرێت.