پاسەوانانی زیندانی ئەوینی تاران هێرشیان کردە سەر زیندانییانی ژن
  2024-08-09       269       


خێزانی نێرگز محەمەدی زیندانیکراو و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ڕایگەیاند، پاسەوانانی زیندانی ئەوین، هێرشیان کردووەتە سەر زیندانییانی ژن و لە بەندکراوانیان داوە، ئەمەش دوابەدوای ناڕەزایەتیی ناو زیندانەکان دێت لە دژی سزای سێدارە و سەبارەت بە دۆخی تەندرووستیی نێرگز محەمەدی.

ئاوێنه‌: نێرگز محەمەدی تەمەن ٥٢ ساڵ کە چالاکەوانی مافەکانی مرۆڤە و لە ساڵی پاردا خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا، لەسەر هەڵمەتەکەی دژی سەپاندنی سزای سێدارە لە تاران، کۆتاجار لە مانگی ١١ـی ساڵی ٢٠٢١ەوە زیندانیکراوە، زۆربەی ژیانیشی لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا لە زینداندا بەسەر بردووە.

خێزانەکەی محەمەدی کە لە پاریس دەژین جەختییان لەوە کردەوە، کە لە مانگی یانزەوە کاتێک محەمەدی مافی پەیوەندیکردنی بە خێزانەکەیەوە لێسەندراوەتەوە، ڕاستەوخۆ قسەیان لەگەڵیدا نەکردووە.

بەڵام ڕایانگەیاند، لە چەند خێزانێکی دیکەی زیندانییەکانی زیندانی ئەوینەوە بیستوویانە، کە لە ڕۆژی سێشەمەوە زیندانییە ژنەکان لە حەوشەی زیندانەکەدا خۆپیشاندانیان دژی لە سێدارەدانەکان دەست پێ کردووە، لە بەرامبەردا پاسەوانانی زیندانەکە هێرشیان کردووەتە سەر زیندانییان و لێیان داون و ئەشکەنجەیان داون.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، نزیکەی ٣٠ کەس لەم هەفتەیەدا لە سێدارە دراون، بە غوڵامڕەزا ڕەساییشەوە، کە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕۆژی سێشەمە وتی: بەهۆی پەیوەندییەوە بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ـدا لە سێدارە دراوە.

خێزانەکەی محەمەدی درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا وتی ” خۆپیشاندانی زیندانییەکان دژی لە سێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی و دۆخی تەندرووستی نێرگز محەمەدی، بووەتە هۆی سەرکوتکارییەکی توندی ئەندامانی ئاسایش و پاسەوانەکانی زیندان.”

ئاماژەیان بەوەشداوە، چەند ژنێک کە لەبەردەم هێزەکانی ئاسایشدا وەستاونەتەوە و بە سەختی لێیان دراوە، ڕووبەڕووبوونەوەکە پەرەی سەندووە و لە ئەنجامدا هەندێک لە زیندانییەکان برینداربوون.”

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×