ئیسماعیل قائانى، فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران، نامەیەک ئاراستەى یەحیا سنوار، سەرۆکى مەکتەبى سیاسى بزوتنەوەى حەماس دەکات و دەڵێت، "تۆڵەکردنەوەى خوێنى ئیسماعیل هەنییە ئەرکە لەسەریان."
ئاوێنه: قائانى بە بۆنەى هەڵبژاردنى بە سەرۆکى مەکتەبى سیاسى حەماس، نامەیەکى ئاراستەى یەحیا سنوارکرد و لە نامەکەیدا ئاماژەى بەوەکردووە، حەماس بە هەڵبژاردنى سنوار سەلماندى لە ئاست کوشتنى گەورەترین بەرپرسە سیاسى و چەکدارییەکانى پاشەکشە ناکات و ئاڵاکەى داوەتە دەست کاریگەرترین سەرکردەکانى لە گۆڕەپانى جەنگ.
قائانى دووپاتیشیکردووەتەوە، هاوشانى حەماس لەسەر رێگاى بەرەنگاربوونەوە بەردەوامدەبن تاوەکو ئەو کاتەى قودس ئازاد دەکەن.
بەگوتەى ئیسماعیل قائانى، تۆڵەکردنەوەى خوێنى ئیسماعیل هەنییە، کە لە ناو خاکى وڵاتەکەیاندا کوژراوە ئەرکە لەسەر ئەوان.
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى پێشووى مەکتەبى سیاسى حەماس رۆژى 31ـى تەمووز لە ناو تاران کوژرا و رۆژى شەشى ئاب بزوتنەوەى حەماس یەحیا سینوارى کردە شوێنگرەوەى هەنییە.