بەیانی ئەمڕۆ لە بەندەرێکی چین تەقینەوە لە یەکێک لە کۆنتێنەرەکانی نێو کەشتییەک رویدا، کە کاڵای بازرگانانی عێراق و هەرێمی كوردستانی تێدا بو، بەهۆی تەقینەوەكەوە زیان بەر بەشێک لە كاڵاكان و کەشتییەکە کەوت.
ئاوێنە: میدیای چینی، ڤیدیۆی ساتی تەقینەوەكەی بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا دەبینرێت دۆكەڵێكی سپی گەورە لە كەشتییەكەوە بەرزدەبێتەوەو لەگەڵیشدا ئاگر هەیە.
وەك میدیای چینی ئاماژەی پێداوە تەقینەوەی كەشتییەكە سەعات 8:40 خولەكی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بەندەری نینگبۆ چوشان لە باشوری شەنگەهای رویداوە كە یەكێكە لە گەورەترین و قەرەباڵغترین بەندەرەكانی جیهان.
میدیای رەسمی چین هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پێدەچێت یەكێك لە كۆنتێنەرەكانی سەر كەشتییەكە، تەقیبێتەوە بەڵام هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبوە.
فەرمانگەی فریاكەوتنی ناوچەكە وتویەتی، "كەشتییەكە كەرەستەی مەترسیداری پلە پێنجی هەڵگرتوە" بەڵام وردەكاریی دیكەی باس نەكردوە.
ئومێد فاروق، خاوەنی کۆمپانیای وڵات بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی، كە بەقسەی خۆی كەشتییە چینییەكە كاڵاكانی بۆ بەرژەوەندی ئەوان گواستۆتەوە بە روداوی وتوە، باری کەشتییەکە هی بازرگانانی هەرێمی کوردستان و عێراق بوە، بەنیاز بو بارەکەی بۆ بەندەری ئوم قەسر لە باشوری عێراق بگوازێتەوە.
بەپێی قسەی ئومێد، كاڵاكانی نێو كەشتییەكە بریتی بون لە یاریی منداڵان، جوانکاری، شامپۆ و کۆمەڵێک شتی دیکەش، هۆکاری تەقینەوەکەش بەوتەی ئەو ساردکەرەوەی یەکێک لە کۆنتێنەرەکان بوە.
بۆ بینینی ڤیدیۆی ساتی تەقینەوەكە لێرە كلیك بكە