وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دەداتە لوبنان و دەڵێت، پێدەچێت حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵا، لوبنان بەرەو دۆخێك ببات كە باجی زۆر گەورە بدات.
ئاوێنە: یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی قسەكردنیدا بۆ سەربازەكانی ئیسرائیل لە سنوری باكوریی وڵاتەی رایگەیاند"لە دۆخی ئێستادا، پێدەچێت حەسەن نەسروڵا دۆخەكی لوبنان بەرەو ئاڕاستەیەك بەرێت كە ئەو وڵاتە باجی زۆر گەورە بدات. ئەوان ناتوانن وێنای ئەوە بكەن كە رودەدات، پێموایە ئەگەر وێنەیەكی غەززە بگرن تێدەگەن، بەڵام هەمیشە لۆژیك قسەناكات."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە درێژەی قسەكانیدا وتی"ناتوانین خەڵكی مەدەنی لە ئیسرائیل بكوژیت…و باجی ئەوە نەدەین…ئەگەر پێویست بكات ئۆپەراسیۆنەكان بەرفراوان دەكەین و ئەوە دەكەین كە پێویستە."
ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ سێشەممە، حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، حزبەكەی و ئێران پابەندن بە وەڵامدانی ئیسرائیل لەسەر كوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و فواد شوكر، فەرماندەی سەربازیی حزبەكەی لە باشوری لوبنان.