لەیەکەم کاردانەوەی ئەمریکا دوای هەڵبژاردنی یەحیا سنوار وەکو بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و جێگرەوەی ئیسماعیل هەنییە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، پێویستە سنوار بڕیاری ئاگربەست لە غەززە بدات و لەگەڵ ئیسرائیل بگاتە رێککەوتن.
ئاوێنه: لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە ئوستورالیا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، یەحیا سنوار ئێستا بڕیاربەدەستی سەرەکی حەماسە لە غەززە، بەرپرسیارێتی ئەوەی دەکەوێتە سەرشان کە بڕیاری ئاگربەست و رێککەوتن بدات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند، پەیامی خۆیان بەهەموو لایەک گەیاندووە، داوایان لە ئێران و ئیسرائیلیش کردووە کە پێویستە خۆیان لە دروستبوونی بارگرژیی زیاتر لە ناوچەکە بپارێزن.
هاوکات، لەیەکەم کاردانەوەشدا، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، پێویستە بەپەلە سنوار لەناوببرێت.
دوێنێ سێشەممە، بزووتنەوەی حەماس یەحیا سینواری وەکو جێگرەوەی ئیسماعیل هەنییە دیاریکرد، کە داواکراوترین سەرکردەی حەماسە لەلای ئیسرائیل، بە کەسێکی توندڕەو پێناسەی دەکەن و پێیانوایە سەرەکیترین بەرنامە داڕێژەری هێرشەکانی 7ـى تشرینی یەکەمی رابردووە بۆ سەر ئیسرائیل کە تێیدا هەزار و 200 کەس کوژران.