ئێران هەواڵی دەستگیركردنی كۆمەڵێك كەس لەسەر دۆسیەی كوژرانی ئـیسماعـیل هـەنـییە رەتدەكاتەوە
  2024-08-06       205       

وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رەتیدەكاتەوە تاوەكو ئێستا هیچ كەسێك لەسەر دۆسیەی كوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە تاران، دەستگیركرابێت.

ئاوێنە: ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی كوژرانی ئیسماعیل هەنیە دەستبەجێ دەستیپێكردوەو لەئێستادا بەڵگەو زانیارییەكان كۆدەكرێنەوەو لە كاتی تەواوبونی لێكۆڵینەوەكاندا، ئەنجامەكەی بۆ رایگشتی رادەگەیەنرێت.

لەبارەی ئەو هەواڵانەی كە باس لەوە دەكەن چەندین لەسەر دۆسیەی كوژرانی ناوبراو لە ئێران دەستگیركرابن، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران وتی، تاوەكو ئەمڕۆ لەپەیوەست بەم دۆسیەیەوە هیچ كەسێك دەستگیر نەكراوە، ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی دەستگیركردنی ژمارەیەك كەس بڵاوكراونەتەوە، "درۆن".

ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی 3ی ئەم مانگە رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردەوە، لەسەر دۆسیەی كوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە تاران، ئێران دەستی بە لێكۆڵینەوە كردوەو زیاتر لە 20 كەسی دەستگیركردون كە لەنێویاندا بەرپرسانی باڵای هەواڵگری و بەرپرسانی سەربازی و كارمەندانی ئەو میوانخانەیە هەن كە هەنیەی تێدا كوژرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×