بهگوێرهى ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی، حکومەتی ئێران بەهۆی ئەو بارودۆخە مەترسیدارەی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستبوە، داوای چەکو پێداویستیی پێشکەوتوی سەربازیی لەڕوسیا کردوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، لەدوای پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئێس 300 بەتاران، ئێستا ڕوسیا دەستی بەپێدانی سیستەمی پێشکەوتوی ڕاداری دورمەودا بەئێران کردوە.
هەروەها ئاماژەی بهوهداوە، بەوپێیەی سێرگێی شۆیگۆ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕوسیا لەتارانە، ئەگەر هەیە ڕێککەوتنی نوێ بکرێت لەسەر کڕینی چەکو سیستمی پێشکەوتوی زیاتر لەڕوسیا بۆ ئەوەی خۆی بۆ شەڕێکی گەورەو بەهێز ئامادەبکات، بەتایبەت کە بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ئیسماعیل هەنییەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسیداوە کە بەرەبەیانی چوارشەممەی ڕابردوو لەناوجەرگەی تاراندا کوژرا.
هەروا ئاژانسی ئێرنا بڵاویکردوەتەوە، لەکۆبونەوەی دوو قۆڵی محەممەد باقری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانو سێرگێی شۆیگۆ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕوسیا، باقڕی ئاماژەیداوە، پەیوەندییەکانی ئێرانو ڕوسیا ستراتیژییو درێژخایەننو بەگۆڕینی حکومەت تێکناچێت.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، جەختی لەهاوکاریی سێ قۆڵی ئێرانو ڕوسیاو چین کردوەتەوەو ڕاشیگەیاندوە، ئەمریکا باش دەزانێت جیهان لەهێزی تاک جەمسەری دەرچوە.
شۆیگۆ، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەموو هاوکارییەکی ئێران دەربڕیوە لەهەموو ڕویەکەوەو لەکاروباری ناوچەکەشدا.
سێرگێی شۆیگۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا، دوێنێ دووشەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی لەسەر بانگهێشتی عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، نوێنەری ڕێبەری باڵاو سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران گەیشتە تاران.
بەگوێرەی مێدیاکانی ئێران، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەگفتوگۆکاندا لەگەڵ وهفده باڵاکەی ڕوسیا، ئاڵۆزییەکانو دۆخی ناوچەکە لەگەڵ پەیوەندییە ئەمنیو سیاسییەکانی دوو لایەنە تاووتوێدەکەن بەمەبەستی پەرەپێدانی هاوکارییە هەمەلایەنەکان.