ئیسماعیل هەنیە "پێشمەرگە"ی بەچی ناوبردو تاڵەبانی چۆن وەڵامی دایەوە؟
  2024-07-31     
ئیسماعیل هەنیە - جەلال تاڵەبانی

ئا: ئاوێنە

 

ئیسماعیل هانیە، پاش ئەوەی بەسەرۆک وەزیرانی فەلەستین هەڵبژێردرا، لەوتارێکدا هێزی پێشمەرگەی بە"چەتە"و "باند" ناوبرد، مام جەلال‌و یەکێتیش لەوەڵامدا ئەویان بەکەسێکی "شۆڤێنی" ناوبرد کە "ستایشی تیرۆریستان دەکاو تا ئێستاش بۆ رژێمی سەدام دەگری".

 

ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس‌و کەسی ژمارە یەکی بزوتنەوەکە کە بەرەبەیانی ٣١ی تەموز لەتارانی پایتەختی ئێران لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژرا، ساڵی ٢٠٠٦ بەسەرۆک وەزیرانی حکومەتی فەلەستین هەڵبژێردرا. بەڵام دوای پێکهینانی کابینەی حکومەتەکەی، زۆری نەخایاند گرژی‌و پێکدادان لەنێوان چەکدارانی سەر بەبزوتنەوەی حەماس‌و هێزە ئەمنییە یاساییەکانی فەلەستیندا روویداو چەکدارانی بزوتنەوەکە دەستیان گرت بەسەر هەموو دامودەزگاکانی حکومەتی فەلەستینیدا لەکەرتی غەزە، هەربۆیە زۆرێک لەسەرکردە فەلەستینییەکانی سەر بەرێکخراوی ئازادیبەخشی فەلەستین‌، هەڵسوکەوتی چەکدارانی بزوتنەوەی حەماسیان لەو کاتەدا کە لەڕێگەی ترس‌و تیرۆرەوە باڵادەستی خۆیان بەسەر غەزەدا سەپاند بوو، بەهەڵسوکەوت‌و رەفتاری "باندو میلیشیا" ناو برد.

لەبەرامبەردا ئیسماعیل هەنیە، سەرسەختانە  داکۆکی لەچەکدارانی بزوتنەوەی حەماس کردو لەوتارێکیدا لەبەردەم جەماوەرێکی زۆردا لەفیستیڤاڵی "خۆڕاگری" لەکەرتی غەزە رۆژی ٦ی ١٠ی ٢٠٠٦، کاتێک ویستی بەرگری لەو هێزە جێبەجێکارە بکات بزوتنەوەی حەماس بۆ جێگرتنەوەی هێزە ئەمنییەکانی فەلەستین کە بەبڕیارێکی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ پێکهێنراون، بەتوندی ئەوەی رەتکردەوە هێزی جێبەجێکردنیان "باند یان میلیشیا" بێت‌و بەراورد بکرێت بەپێشمەرگە، هەنیە وتی "خۆ ئێمە چەتەو عەسابەو باند نین وەک (پێشمەرگەی کورد)".

بەدوای ئەم لێدوانەیدا، بەشێک لەرۆژنامەنووسانی پێشکەوتنخوازی عەرەب ئەم هەڵوێستەی "هەنیە"یان بەرامبەر بە"پێشمەرگە" بەهەڵەیەکی مێژوویی  ناوبرد، کە درێژکراوەی هەڵوێستی "بەعس"ە بەرامبەر بەکوردو ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم هەڵوێستانەی ئیسماعیل هەنیە، ئەو دوژمنایەتی‌و رقەمان بیر دەهێنێتەوە کە بەعس بەرامبەر بەگەلی کورد کردی، هەروەک چۆن عەبدولعەزیز رانتیسی سەرکردەی ئەوکاتی حەماس لەساڵی 2004دا پرسەی بۆ (عودەی‌و قوسەی) داناو بەشەهید ناوی بردن‌و داکۆکییان لەوەش کرد کە پێشمەرگە بەرەمزی خەبات‌و تێکۆسانی گەلی کورد دادەنرێت دژ بەستەمکاریی‌و دەیان ساڵ شێلگیرانە بەرگریان لەکورد کردووە، هەروەک چۆن گەلی فەلەستین بەدیدی رێزو پیرۆزییەوە لە"فیداییە دڵسۆزەکانیان" دەڕوانن‌و پێویست ناکات بەرپرسێکی باڵای فەلەستینی وەک هەنیە کێشە لەگەڵ گەلی کورد دروست بکات".

هاوکات لەوەڵامی ئەم قسانەی "هەنیە"دا، جەلال تاڵەبانی‌ کە ئەوکات وەک سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرا بوو، لەچاوپیکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی، هەنیەو سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماسی  بەوە تۆمەتبار کرد کە ستایشی تیرۆرو ئیدانەی پێشمەرگە دەکەن‌، تاڵەبانی وتی "سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس بەبێ رەچاوکردنی هیچ بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی یان پەیوەندییەکانی عێراق‌و فەلەستین، هەندێکجار بەبێ هیچ هۆکارێک ستایشی تیرۆریستان‌و سوکایەتی بەپێشمەرگە دەکەن".

هەروەها یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لەبەیاننامەیەکدا بەتوندی رەخنەی لەم قسانەی ئیسماعیل هەنیە گرت‌و رایگەیاند "قسەکانی هەنیە لەدیدێکی شۆڤێنی‌و بەعسیانەوە سەرچاوە دەگرێت بەرامبەر بەکورد، چونکە تا ئێستاش سەرکردەکانی حەماس بۆ رژێمی سەدام دەگرین".

لەئەنجامی دەربڕینی ئەم ناڕەزاییانەشدا، ئیسماعیل هەنیە بەفەرمی پۆزشی بۆ سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق، جەلال تاڵەبانی هێنایەوە.

زۆرترین بینراو
سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاوێنە: کۆبوونەوەی یەکێتی‌و پارتی بێ ئەنجام بووەو یەکێتی دوو داواکاری ھەیە
کۆبونەوەکەی یەکێتی و پارتی کۆتایی هات
یانه‌ی هه‌ولێر: له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی یاریگای دهۆك هێرشی دڕندانه‌مان كرایه‌ سه‌ر
زەیدی بانکی تی بی ئای ڕاسپارد 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار بفرۆشێت
مه‌سعود بارزانی و فالح فه‌یاز: كێشه‌كانی نێوان هەرێم و عێراق لە چوارچێوەی دەستور قابیلی چارەسەرن
عراقچی: یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران نابرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ڵام ده‌كرێت له‌باره‌یه‌وه‌ بگه‌ینه‌ رێگه‌چاره‌یه‌ك
"ماسکیزم"، چۆن ئیلۆن ماسک بوو بەهێمای سەردەمی ئێمە؟
ترەمپ: ئێستا رووبەڕووی سەرکردەی سێیەم بوینەتەوە و دوای ئەو کۆتایی ریژێمە
وه‌زیری ده‌وڵه‌تی عێراق و وه‌زیری وزه‌ی توركیا تاوتوێی پشكی توركیا له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كه‌ن
هەولێر: لە 10 مانگدا زیاتر لە 13 هەزار منداڵ لەدایکبوونە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×