ئا: ئاوێنە
"ئیسماعیل هەنیە"، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی تەموز، چەند کاتژمێرێک بەر لەکوژرانی، لەڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بەشداری کردو وێڕای پیرۆزبایی لەمەسعود پزیشکیانو گەلی ئێران بەبۆنەی هەڵبژاردنیەوە، هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەرامبەر بەگەلی فەلەستینو پشتیوانی لەمافەکانیان بەرز نرخاندو وتی "سوپاس بۆ ئێران".
بەپێی میدیاکانی ئێران، "تیرۆر کردنی ئیسماعیل هەنیە، نزیکەی کاتژمێر دووی بەرەبەیانی چوارشەممە بەکاتی ئێران ڕوویداوە، ئەویش لەژووری حەوانەوەو نوستنیدا لەبینایەکی تایبەت بە(گیانبازانی جەنگ)، کە دەکەوێتە باکوری تاران".
کوشتنی هەنیە، لەڕێگەی مووشەکی زیرەکەوە بووە، بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل موشەکەکە لەسەر کەشتییەکی جەنگییەوە لەدەریاوە ئاڕاستە کراوەو بەگوێرەی میدیاکانی ئێرانو بەرەی "مقاوەمە"ش لەڕێگەی وڵاتێکی دراوسێوە مووشەکەکە ئاڕاستە کراوەو ناوی "ئازەربایجانو عێراقو هەرێمی کوردستان"یش دەهێنرێت. هاوکات باس لەوەش دەکرێت کە مووشەکەکە لەناو خاکی ئێرانەوە ئاڕاستە کرابێت.
سوپاسی پاسداران رایگەیاندووە کە " ئێمە لەهەموو ڕەهەندەکانی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هانیە لەتاران دەکۆڵینەوەو لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکرێت بۆ دیاریکردنی چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییە، وەک ئەو شوێنەی کە موشەکەکە لێیەوە تەقێنراوە، دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕادەگەیەنین".
"ئیسماعیل هەنیە" ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی تەموز، بەشداری لەڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کردو پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن پەرلەمانتارانو گەورە بەرپرسانی ئێرانەوە لێکرا، هەنیە وتی "ئەمڕۆ بەرگری گەلی فەلەستین بەهێڵی پێشەوەی (مقاوەمە) لەدژی ستەمکاریی ڕژێمی زایۆنیستی داگیرکار دادەنرێت، هەر بۆیە دوژمن هەوڵدەدات ئەم هێڵی بەرگرییەی پێشەوە تێکبشکێنێت، تا هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، ڕوونە کە ستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێران چەند گرنگە لەپشتیوانیکردن لەخۆڕاگرییو بەرەنگاربوونەوە ڕژێمی زایۆنیستی، سوپاس بۆ ئێران".