د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
بەشی زەویناسی\ زانکۆی سلێمانی
ibrahim.jaza@univsul.edu.iq
لەماوەی ئەم حەوت مانگەی ساڵی ٢٠٢٤ دا سێ پەڕتووکی بەندە کەوتۆتە بەردەستی خوێنەران، کە بریتین لە :
١-بنەماکانی زەویناسی، چاپی دووەم، ٤١٣ لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگی قەبارە گەورە ١٧سم بە ٢٤سم، شەش پاشکۆی لەگەڵدایەو پەڕتووکێکی بە سوودە بۆ خوێندکار و مامۆستایان و بۆگشت کەسێک چونکە پڕە لەزانیاری و لێکدانەوە بە زمانێکی کوردی سادەو ساکار. ئەم پەڕتووکە لەلایەن کتێبخانەی دڵشاد بۆ بڵاوکراوە زانستییەکان لە شاری سلێمانی چاپکراوەو هەر لەوێ دەست دەکەوێت.
٢-زەویناسی وکۆمەڵ، بەرگی دووەم، ١٩٣ لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگی قەبارە گەورە ١٧سم بە ٢٤سم ، لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە چاپکراوە. بیست و دوو وتاری زانستی سەبارەت بە ڕۆڵی زەویناسی لە کۆمەڵگەدا لەخۆ دەگرێت و بۆ زانیاری گشتی هەر کەسێک بە سوودە. ئەم پەڕتووکە لە کتێبخانەی دڵشاد لە شاری سلێمانی دەست دەکەوێت.
٣-هەشتا گوتاری سیاسی، لە٢٥٥ لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگی قەبارە گەورە ١٧سم بە ٢٤سم پێکهاتووە و هەشتا گوتار لەخۆدەگرێت، کە نزیکەی ٥٠% تایبەتە بە بواری خوێندن و زانکۆوە لە ڕووی سیاسییەوە و چارەسەرکردنی چەندین دیاردەی ناو کۆمەڵگەو ناو زانکۆکان. ئەم پەڕتووکە لەسەر ئەرکی نووسەر چاپکراوەو لە کتیبخانەکانی غەزەلنووس و جەمال عیرفان و ڕەهەند و هتد. لە شاری سلێمانی دەست دەکەوێت.
ئەمەی سەرەوە پڕوپاگەندە نییە بۆ پەڕتووکەکان، هێندەی ئەوەی کە مەبەستمە زیاتر تیشک بخەمە سەر چەند خاڵێک، کە ئێمەی نووسەران بۆچی دەنووسین؟ بۆ کێ دەنووسین؟ و کێ پەڕتووکەکان دەخوێنێتەوە؟ ئایا لەم سەردەمەدا ڕێز لە نووسین دەگیرێت؟ بەڕاستی ئەمانەکۆمەڵەپرسیارێکن ئەگەر وردی بکەیتەوە قسەزۆر هەڵدەگرن، کە هیوادارم لەم وتارەدا هەندێک بیرو بۆچوونی خۆم لەو ڕووەوە بخەمە پێش چاوی خوێنەرانی کوردزمانی بەڕێز بەهیوای سوود وەرگرتن. مامۆستا شێرزاد حەسەن لە وتارێکدا ئاماژە بەپاڵنەرەکانی نووسین لەلایەن نووسەرانەوە دەدات، لە وتارەکەدا زیاتر تیشک خراوەتە سەر نووسینە ئەدەبییەکان و ئەو هۆکارانەی، کە وادەکەن کەسێک هەست و بیری ناخی بکات بەوشەو بیخاتە سەر پەڕەسپییەکان ( لەپای چی دەنووسین؟ کوردستانی نوێ، ژمارە ٩١٧١ لە ١٦-٥-٢٠٢٤ ، ئەدەب و هونەر:،ژ.١٣٢٢، ل١.).
گومانم نییە، کە هەموو تاکەکانی وڵات نووسەرنین و زۆرینەشیان خولیای نووسینیان نییە و ناتوانن چەند دێڕێک بنووسن، کەواتە نووسینیش لەلایەک بەهرەیە و لەلایەکیتریش حەز و خولیایە، هەروەک چۆن کەسانێک هەن خولیای وەرزشیان هەیە، یان خولیای گۆرانی وتن، یان.... بەبڕوای من نووسەر دەنووسێت ئەگەر بەرهەمەکەشی نەخوێندرێتەوە! لەوانەیە لە وێستگەیەکدا ئیتر واز بهێنێت، بەڵام نووسەری باش هەرگیز کۆڵنادات و ئەگەر ئەم وتارە، یان ئەم پەڕتووکەی کاریگەر نەبوو، یان باش نەبوو( هەرچەندە باش وشەیەکی ڕێژەییە، لەوانەیە ئەوەی بەلای منەوە باش بێت بەلای تۆوە باش نەبێت!)ئەوا لەداهاتوودا نووسینی کاریگەرتر دەنووسێت و ناوەستێت، چونکە لەناخەوە ئەوکەسە نووسەرە ( ئیتر لە هەربوارێکی نووسیندابێت، واتە هونەری، ئەدەبی، زانستی، سیاسی، هتد..). مەرج نییە زۆری ژمارەی لاپەڕە نووسراوەکانی کەسێک بیکاتە نووسەرێکی کاریگەر، بەڵکو لەوانەیە کەسێک لەتەمەنیدا تەنیا پەڕتووکێکی نووسیبێت و بووبێتە نووسەرێکی دیار و ڕێزلێگیراو. واتە هەوڵدانی کەسێک بۆ زێدەڕەوی لەنووسیندا لەپێناو ئەوەی بە نووسەر بناسرێت، بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە و ئەنجامەکەی باش نابێت! نووسەر دەبێت نووسینەکەی نەمر بێت، واتە پاش ماوەیەکی دوورودرێژیش خەڵکی بەڕێزەوە نووسینەکە بخوێننەوە و لێکدانەوەی بۆ بکەن، نموونە زۆرە لەوبابەتە.
خاڵێکی تریش کە گرنگە نووسەر لە مێشکیدا کاری بۆ بکات، ئەوەیە کە ئەو نووسینە بۆ کێیە و بەکەڵکی کێ دێت؟ خۆ ناکرێت تۆ وتاری سیاسی بنووسیت و بۆ منداڵانی باس بکەیت، یان وتارێکی زانستی لە پسپۆڕییەکی ورددا بۆ خەڵکی سادە و ساکار بنووسیت! ئەمە سوودی نابێت و وتارێکی بێ کەڵک دەردەچێت و تەنیا کات بەسەربردنە و هیچی تر! پەڕتووک هەیە بۆ هەموو کەسێک دەبێت و زانیاری گشتییە، بەڵام پەڕتووکیش هەیە تەنیا چینێکی کۆمەڵگە سوودی لێوەردەگرن و بەکەڵکە بۆیان، بە بڕوای من هەردووکیان زۆر گرنگن و پێویستیشن بۆ کۆمەڵگە.
خاڵی سێیەم خوێنەرە، کە بریتییە لەکەسی وەرگر، یان سوودمەند لەو وتارە، یان پەڕتووکە. لەم سەردەمەدا هەموومان باس لەوەدەکەین، کە خوێنەر وەک جاران نییە و نووسین زۆر بەداماوی دەمێنێتەوە و خوێنەر نییە تا لەونووسینانە سوودمەند بێت، هەرچەندە نووسین و بڵاوکردنەوە زۆر زیاترە لە جاران! دروستە، کە وەک جاران نییە، بۆ نموونە: ساڵی ١٩٨٤ دیوانی مەحوی چاپ بوو، پێش هەفتەیەک پارەماندا و ناومان نووسی، دانەی بە سێ دینار و نیو، بۆ زانیاریتان کرێکارێک ڕۆژانە بە سێ دینار کاری دەکرد! ئەوکات نووسین نووسین بوو، ئێستا قسەی پڕوپووچیش بەنووسین ناودەبرێت! بەدیوێکی تریشدا دونیا گۆڕاوە، ئێستا خەڵک هێندەی سەرقاڵی "تۆڕەناکۆمەڵایەتییەکانن" نیو ئەوەندە خەریکی خوێندنەوە، یان نووسین نابن! هەرچەندە من بۆچوونی خۆم هەیە لەم خاڵەدا، ئەوە هاووڵاتیانی ئەم ناوچانەن، کە ئاوا هەڵسوکەوت دەکەن، ئەگینا تائێستاش لە دونیای ڕۆژئاوادا کتێبێک چەند هەزار دانەی لێ چاپدەکرێت و چەندین نۆرەی وەشانی هەیە و زۆرینەی خەڵکیش لەپاس و هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتیدا کتێب دەخوێننەوە و بەردەوامن، ، کە ئەمانە خۆیان داهێنەری ئەوتۆڕانەو ئامێرە ئێلیکترۆنییەکانن! ئەی بۆ لای ئێمە وانییە و نەبووە بەکولتوور، چونکە خوێندنەوە پێویستی بە پەروەردەکردن هەیە، مەرج نییە باوان بە زۆر کتێب بە منداڵەکەی بخوێنێتەوە، بەڵکو باشترە خۆی لەبەرچاوی بەبەردەوامی بخوێنێتەوە و باس و ستایشی فڵان کتێب و فیسار وتار بکات، ئەوە پەروردەکردنە نەک هەرکتێب بکڕێت و ماڵی پێ بڕازێنیتەوە و نەبیخوێنێتەوە و نە سوودی کردەیی لێ وەربگرێت!
کاتێک خوێنەری باش نەبێت، ڕەخنەگریش دروست نابێت و کەسێک نایەت پەڕتووکەکە بخاتە ژێر وردبینێکی دادپەروەرانەی زانستی بونیاتنەرو لە خاڵە لاوازەکانی پەڕتووکەکە وردبێتەوە و نووسەر لە کەموکورتی، یان هەڵەی کتێبەکە ئاگاداربکاتەوە تا نووسەر بۆ داهاتوو لەوخاڵانە خۆی بپارێزێت و دوبارەی نەکاتەوە! بەڕاستی بۆ پەڕتووکە ئەدەبییەکان جار جارە ڕەخنەی زۆر باش هەیە، بەڵام بۆ پەڕتووکە زانستییەکان دەتوانم بڵیم دانسقەیە، کە ئەمە بارودۆخێکی زۆر نائاساییە! سەرەڕای بوونی ئەوهەموو پەیمانگە و زانکۆیانە، دەبوو سەبارەت بەپەڕتووکێکی نوی دەیان وتار و لێکدانەوە بڵاوببوایەتەوە و ڕەخنەگری زانستی هەبووایە، کەچی نەک هەر نییە بەڵکو زانستخوازان پەڕتوکە زانستییەکان ناخوێننەوە! هەربۆنموونە باسی پەڕتووکێکی خۆم دەکەم لە بواری زەویناسی، کە ساڵی ٢٠١٦ چاپکراوە، هەزار دانەی لێ چاپ بووە و تەنیا لە شاری سلێمانی زیاتر لە ٣٥٠٠ زەویناس هەیە، کەچی تائێستا ( ساڵی ٢٠٢٤ ) کتێبەکە لە کتێبخانەکان ماوە!
هەرچی سەبارەت بە ڕێزگرتن و قەدردانان بۆ نووسین، بەڕاستی تەواو کەمبووەتەوە و ئەوەی کە لەم ڕۆژەدا حسابی بۆ نەکرێت بەهای نووسینە! بەبڕوای من بەهانەی نەبوونی پارە دروست نییە و بگرە جاران پارە نەبوو، بەڵام کتێب کڕ هەبوو. ئێستاش ئەوەی کتێب ناکڕێت دەوڵەمەندەکەیە نەک چینی مامناوەند، یان هەژار! جاران وتارێک، یان نامیلکەیەک پێگەو بەهای خۆی هەبوو، خەڵک بەگشتی و خوێنەران بەتایبەتی ڕێزیان لە پەڕتووک دەگرت و بەچاوێکی پڕ لە شکۆوە سەیری نووسین دەکرا. سەیرە پاش دەیان ساڵ، کە دەبوو ئێستا پەڕتووک دەهێندەی جاران قەدری بگیرایە، کەچی دەهێندەی جاران سووکتر سەیردەکرێت و تەنیا لای چینێکی تایبەت ڕێزماوە! بڕواتان بێت لەناوەندە ئەکادیمییەکاندا زۆر خراپترە! ئێوە هەروانەزانن، کە خەڵکی عەوام ڕێزی کتێبی لانەماوە ( کە بەبڕوای من حەقیەتی، ئەوە وتارێکی تری دەوێت!) بەڵکو لە دەزگا زانستییەکاندا دکتۆری زانکۆ هەیە ساڵی نەک پەڕتووکێک، بگرە نامیلکەیەکیش ناخوێنێتەوە و هەر گاڵتەشی لێدێت کاتێک باس لەکتێب و خوێندنەوە و نووسین دەکرێت! ئەگەر ڕێزی کتێب بگیرایە دەکرێت بەندە لەماوەی ساڵی ٢٠٢٤ سێ پەڕتووکم بە چاپ گەیاندووە، ئەمە بێجگە لەوەی ساڵی پاریش هەر زانکۆ خۆی فەرهەنگی جیۆکیمیای ئەندامی ( ئینگلیزی-کوردی) بۆ چاپ کردووم ( واتە چوار پەڕتووک لەماوەی ساڵێکدا)، کەچی نەک نامەیەکی سوپاس و پێزانین لە سەرۆکی زانکۆوە بەڵکو نەلەڕاگری کۆلیجەکەمەوەو نە لە سەرۆک بەشیشەوە بۆم نەهاتووە ! ئایا ئەمە باشترین بەڵگە نییە، کە لەناوەندە زانستییەکانیشدا ڕێز لە نووسەر و نووسینەکەی ناگیرێت؟
دیسانەوە وەک لەوتارێکدا ئاماژەم پێدابوو دووبارەی دەکەمەوە، پەڕتووک ئەودەفرە فڕیوەیە، کە کۆڵان بەکۆڵانی ئەم جیهانەفراوانەت دەگێڕێت و ناهێڵێت بیر و هۆش ژەنگ بکەن و دەتکات بەهاوڕێی داهێنان ( کوردستانی نوێ، ژمارە ٨٠٦٣، لە ٢٠-١-٢٠٢٠). بەڕاستی هەموولایەک بەرپرسین لەم بارودۆخەی کەمی نووسینی باش و کەمی خوێنەر و نەبوونی ڕێز و هاندان بۆ نووسین و خوێندنەوە، هەربۆیەش هەموو بەرپرسین لە چاککردنی ئەم بارودۆخە. دەبێت هەموومان سوپاسگوزاری باپیرانی سۆمەریمان بین، کە نووسینیان داهێناو ئێستا چەند خۆشی لە نووسین و خوێندنەوە دەبینین، بیهێنە پێش چاوت ئەگەر نووسین نەبووایە، دونیا چۆن دەبوو ؟ مرۆڤ بێ نووسین و خوێندنەوە زیندەوەرێکی مردووە.