سەبارەت بە كوژرانی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئیسماعیل هەنییە لە تارانی پایتەختی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: "شەهیدكردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئیسماعیل هەنییە لە ئەنجامی تیرۆرێکی نامەردانە کە لە تاران ئەنجامدرا، شەرمەزار دەکەین".
سەبارەت بە ڕووداوی تیرۆرکردنەکە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. كه تیایدا هاتووە: "شەهیدكردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئیسماعیل هەنییە لە ئەنجامی تیرۆرێکی نامەردانە کە لە تاران ئەنجامدرا، شەرمەزار دەکەین. سەرەخۆشی ئاڕاستەی گەلی فەڵەستین دەکەین کە سەدان هەزار شەهیدی وەک هەنییەی بەخشیوە لە پێناو ژیان کردن لە ئارامییدا لە نیشتمانی خۆی و لە ژێر چەترسی دەوڵەتی خۆیدا".
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە "حکوومەتەکەی ناتانیاهو جارێکی دیکە بە ئاشکرا نیشانی دا کە نیازی گەیشتن بە ئاشتیی نییە. لە هەمان کاتدا ئامانج لەم هێرشە بڵاوکردنەوەی جەنگی غەززەیە بۆ ڕەهەندێکی هەرێمیی. ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار نەکات بۆ ڕاگرتنی ئیسرائیل، ئەوا ناوچەکەمان ڕووبەڕووی پێکدادانی زۆر گەورەتر دەبێتەوە. تورکیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی دۆزی ڕەوای گەلی فەڵەستین".