بهگوێرهى ڕۆژنامەیەکی عەرەبی، ئێران چەکێکی مەترسیداری داوەتە حزبوڵڵای لوبنانی، دهشڵێت:"ئێستا حزبوڵڵا خاوەنی بۆمبو موشەکی هەڵگری سەری تەقینەوەی کارۆموگناتیسییە کە چەکێکی مەترسیدارە".
ئاوێنه: سەرچاوەیەکی باڵا لەسوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بەڕۆژنامەی "جەریدە"ی کوهیتی وتوه، "حزبوڵای لوبنان ئێستا خاوەنی بۆمبو موشەکی هەڵگری سەری تەقینەوەی کارۆموگناتیسییە کە چەکێکی مەترسیدارە، بەشێوەیەک دەتوانێت بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی خۆی بتەقێنێتەوە ئەگەر لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە بکرێتە ئامانج یان هەر دژە موشەکێک لێی نزیکبوەوە".
ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردوە، ئەم بۆمبانە دەتوانرێت لەسەکۆ جێگیرەکانەوە یان لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هەڵبدرێن بۆ ئەوەی بگەنە قووڵایی ئیسرائیلو ئامانجیان لەناوبردنی سیستەمی پەیوەندییەکانو ژێرخانی کارەبایی ئیسرائیلە، ئەمەش هەماهەنگی ئەلیکترۆنی نێوان ڕادارو فڕۆکەو هێزەکانی تێکدەدات".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردوە، کە ئێران جۆرەکانی موشەکی زیرەکی پەرتەوازەیی بۆ حزبوڵای لوبنان دابینکردوە کە دەیان موشەکیان هەڵگرتوە، ئەم موشەکانە ئەگەر بکرێنە ئامانج، دەتوانن بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بتەقنەوەو دەگۆڕدرێن بۆ دەیان موشەک کە بڵاودەبنەوە بۆ لەناوبردنی ئامانجە سەرەکییەکە.
ئەو سەرچاوەیە جهختیكردوهتهوه، ئێران بڕێکی زۆر "درۆنی شەبەحی" بۆ حزبوڵڵاو حوسییەکانو هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراقی دابینکردوە کە دەتوانێت ڕادارەکانی ئیسرائیلو ئەمریکا تێپەڕێنێت.
باسی لەوەشکردوە، "بەرەی مقاوەمە" بەکەڵکوەرگرتن لەدابەزینی مۆڕاڵو بارودۆخی مەیدانی سوپای ئیسرائیل لەدوای شەڕی غەززە، پلانی ڕزگارکردنی جۆلانی سوریاو جەلیلە لەباکوری ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستینی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو چەکە نوێیە، ئیسرائیل لەباڵادەستی ئاسمانی بێبەشدەکات، ئەمەش سەربازەکانی دەخاتە ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ چەکدارانی بەرەی مقاوەمە.